کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوخەمی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی حیزب

18:24 - 21 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامگەلێکی جیاوازدا، هاوخەمی خۆیان بە بۆنەی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی حیزب دەربڕی و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵە سەربەرزەکانیان و حیزبی دێموکرات کرد.

دەقی پەیامەکان بەم چەشنەیە: 

جەماوەری نیشتمانپەروەری کوردستان، لاوان و ئۆگرانی ئازادی و سەربەستی، پێشمەرگە وەفادارەکانی نیشتمان، تێکۆشەرانی جەرگەی خەبات و ئاڵاھەڵگرانی ڕێبازی دێموکرات، ھەر وەک ئاگادارن دوێنێ ٢٠ ی ڕەزبەر لە ئەنجامی ھێرشی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی کوردستان بە داخەوە، ٢ پێشمەرگەی گیان لەسەردەستی ڕێبازی دێموکرات، شەھید "شاھۆ وەیسی" و شەھید "زانیار ئیسلامی" و لاوێکی ئەمەگناسی شاری پاوە بە ناوی فەرشاد چەچانی تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەھیدانی نیشتمان بوون.

ئێمە وەکوو خەڵکی شاری پاوە و دڵسۆزانی حیزب و گەل ،خۆمان بە خاوەن پرسەی ئەو شەھیدانە دەزانین و خوێنی بەناحەق ڕژاوی ئەو لاوە چاوکراوە و نیشتمانپەروەرانە دەخەینە ئەستۆی ھێزی داگیرکەر و خوێنمژی کۆماری ئیسلامی و دڵنیاتان دەکەینەوە ئێمە وەفادار و درێژەدەری ڕێبازی شەھید شاھۆ و شەھید زانیارین و ئەگەر کۆماری سێدارە دوێنێ ٣ لاوی ئەم شارەی شەھید کردووە و بە خەیاڵی خاوی خۆی پێگەی نیشتمانپەروەری و درێژەدانی ڕێبازی دێموکرات لە شاری پاوە لاواز دەکات ، ئەوە کوڕان و کچانی شاری پاوە بە کردەوە دەیسەلمێنن کە چۆن سەنگەری شەھیدان ئاوەدان دەکەنەوە و بە سەدان و ھەزاران لاوی ئەم شارە، دەبنە چقڵی چاوی ھێزەکانی ڕێژیم و تا وەدیھاتنی ئامانج و ئاواتەکانی میللەتەکەمان دەبینە شۆڕەسواری مەیدانی خەبات و تێکۆشان.

جارێکی دیکە سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان و خەڵکی سەربەرزی شاری پاوە دەکەین و بەڵێن دووپات دەکەینەوە تا وەدیھاتنی ئامانجەکانیان درێژەدەری ڕێگایان بین.

باشترین پاداش بۆ شەھیدان درێژەدانی ڕێگایانە
ئەندامان و دڵسۆزان و خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری پاوە

هەواڵی شەهیدبوونی دوو ڕۆڵەی دڵسۆز و بوێری گەلەکەمان، دوو ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی خۆڕاگری و خەبات دژی داگیرکەران، ڕۆڵەکانی شاهۆ و ئاویەر و کۆساڵان، زیاتر لە جاران پەیامێکە بۆ دۆست و دوژمن کە گەلی کورد قەد ناچەمێ و سەربەرز و پتەو ڕاوەستاوە و ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بەخوێنی خۆیان مزگێنی ڕزگاری دەدەن؛ هەربۆیە بە ورەیەکی بەرزتر لە جاران درێژە بە ڕێگای بەرزیان دەدەین و لە جیاتی سەرەخۆشی، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزیان و حیزبی دێموکرات و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین و دەستی ئەو دایکانە ماچ دەکەین کە ڕۆڵەی شۆڕشگێڕ پەروەردە دەکەن.  ئێمە وەکوو ئەندامانی حدکا لە گاوەرە و توار سەمەدی سەر بە شاری سنە، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە درێژەدەری ڕێگایان بین و تۆڵەیان لە دوژمنمان دەکەینەوە.

ئەندامانی حدکا لە توار و گاوەرە  
 بژی کورد، بژی کوردستان
 بەردەوام بێ ڕاسان

پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا دەژین
بە نێوی پێشەوای مەزن

بەداخ وکەسەرێکی زۆرەوە، دوو هاوڕێی تێکۆشەر, ماندوونەناس, خەباتکار و قارەمان شەهیدان "شاهۆ وەیسی" و "زانیار ئیسلامی" تێکەل بە کاروانی نەمران بوون.
بەم هەواڵە تەواوی شار خەمبار بووە .

ئێمەش هاوبیران و هاوڕێیانی ئەم شەهیدانەی گەلەکەمان خۆمان بە شەریک و بەشداری خەم و پەژارەی بنەماڵەی ئازیزیان و هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان و حیزبی دێموکرات دەزانین و لە خوای مەزن داواکارین ڕۆحیان بە بەهەشتی بەرین شاد کات و سەبووری بە بنەماڵەیان ببەخشێ. 

هەروەها پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێز "فەرشاد چەچانی" دەکەین و وەکوو کەسانێک کە زۆر نزیکی و ناسراویمان لە گەڵ خوالێخۆشبوو هەبوو، باش دەزانین کە کوڕە کوردێکی بەشەرەف بوو، یادی بەخێر.

لایەنگران و دڵسۆزانی کوردستان و حیزبی دێموکرات لە شاری پاوەی خۆڕاگر