کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەری شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاری، کۆچی دوایی کرد

13:10 - 5 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: هاوسەری وەفاداری شەهیدێکی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری پیرانشار، بۆ هەمیشە دڵە بەوەفاکەی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ٤ی خەرمانان، دایە "خەجیج ئەحمەدی"، هاوسەری بەوەفای شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهید "مەحموود خەلیفانی"، ناسراو بە "مەحموود سمێڵ"، لە گوندی "زەنگیاوێ" سەر بە شاری پیرانشار، بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە ئاوات و تاسەکەی لە لێدان کەوت.

شەهید “مەحموود”، لەدایکبووی ساڵی ١٣١٥ لە گوندی "شاوەلە"، سەر بە شاری پیرانشار بووە و پاش تێکەڵ بوونی بە ڕیزی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی حیزب، سەرەنجام لە دەرگیرییەکدا لە "گردی عەرەبان"، گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی دەکات و لە گوندی "شنۆزەنگ"، سەر بە شاری پیرانشار، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردراوە.

دایە “خەجیج” پاش شەهیدبوونی هاوسەرەکەی، وەک شێرە ژنێک لە پێی بارهێنان و گەورەکردنی منداڵەکانی دانیشت و تا دواساتەکانی ژیانی، وەفاداریی خۆی بە ڕێباز و ڕێگای هاوسەرەکەی نیشان دا.

تەرمی دایە "خەجیج" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا، بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.