کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوسەری شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

12:42 - 30 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: هاوسەری شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەرمانان، دایە "حەلیمە ئاهەنین جان"، هاوسەری شەهید "یوسف فەتحوڵڵاهی"، لە گوندی "سۆغانلوو"ی سەر بە شاری پیرانشار، دوای تەمەنێک پڕسەروەری، بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

دایە "حەلیمە" هاوسەری وەفاداری شەهید "یووسف"، ژنێکی نێشتمانپەروەر و پێشمەرگەدۆست بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێباری هاوسەرەکەیەوە دەکرد.

ناوبراو وەک دایکێکی لێهاتوو و هاوسەرێکی وەفادار بە سەربەزییەوە ماڵ و منداڵەکانی خۆی بەخێو دەکرد و هەتا دواساتەکانی ژیانی وەفادر بە ڕێبازی هاوسەرەکەی مایەوە.

شەهید "یوسف فەتحوڵڵاهی" ناسراو بە "سەید وسوو"، ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی  لە گوندی سۆغانلوو سەر بە شاری پیرانشار لەدایک بووە. دوای هێرشی داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان دەچێتە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەک پێشمەرگەیەکی لێهاتوو ئەرکە حیزبییەکانی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە دەبات.

دەرئەنجام لە دەرگیرییەک دژی هێزەکانی کۆماری پەت و سێدارە لە ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ساڵی ٦١ی هەتاوی، لە شوێنێک بە ناوی "گردیمخانە"، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "سۆغانلوو"یە.

تەرمی دایە "حەلیمە" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.