کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦ هاووڵاتیی کورد بانگهێشتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران کران

11:04 - 9 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، له شاری مەهاباد، سێ ڕۆژنامەنووس و سێ چالاکی ژینگەپارێزی ئەو شارەی بانگهێشت کرد و لێپێچینەوەی لێ کردن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا"، ڕۆژی شەممە، ٨ی بەفرانبار، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، "هەرمان وتمانی"، بەرپرسی گشتیی ماڵپەڕی "هاژە"، پژمان ئیسماعیل‌نژاد و پۆڵا ئاغاز"، هەواڵنێرانی "هاژه"، "پەخشان قەلەندەری"، بەرپرسی ئەنجوومەنی "سەبزئەندیشانی جەوانی مەهاباد"، "فریا ڕەش‌ئەحمەدی" و "سەیدحەسەن سەیدهادی"، لە چالاکانی ژینگەپارێزی و لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنەی بە تێکڕا بانگهێشت کردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران، هۆشدارییان بەو ٦ هاووڵاتییە کوردە داوە، کە دەست لە چالاکییەکانیان هەڵ بگرن.

ئەو ٦ هاوڵاتییەی شاری مەهاباد، بە "دنەدانی بیروڕای گشتی و پڕۆپاگەندە بۆ بیری ناسیۆنالیزمی کوردی" تاوانبار کراون.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانان، "هەرمان وتمانی"، ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد و بەرپرسی گشتیی ماڵپەڕی هاژە، به تۆمەتی "دنەدانی بیروڕای گشتی و پشتیوانی لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان"، بۆ پولیسی "فەتا"ی ئەو شارە بانگهێشت کرابوو و دوای چەند کاتژمێر لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.