کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی بەلووچ بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا

15:55 - 19 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: کوژرانی هاووڵاتییانی بەلووچ لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی تێروریستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە و لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا شەش هاووڵاتیی بەلووچ لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی بەلووچ خەڵکی شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بە تەقەی هێزە تیروریستییەکانی مێرسادی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم کوژرا.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە بەلووچیە بە ناوی چراغ عومەر زەهی ڕاگەیەنراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری کوژرانی ئەو هاووڵاتییە بەلووچه لە لایەن هێزە تێروریستییەکانی ڕێژیم ڕانەگەیەنراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان، بە تەقەی هێزەکانی یەگانی ئیمداد لە ماشینی یەکێک لە هاووڵاتییانی خەڵکی زاهیدان و پێکدادانی ماشێنی جۆری تۆیۆتای ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ ماشینێکی پێژۆ، چوار هاووڵاتیی لەو ڕووداوەدا کوژران.

هەروەها، ڕۆژی دوشەممە، دوو هاووڵاتییە بەلوچی لە شارەکانی زاهیدان و سەراوان، بە هۆی گەڵاڵەی زۆرەملی سەربازی بە تەقەی ‌هێزەکانی ڕیژیم لەو دوو شارە کوژران.

پێشێلکردنی یاسا و گوێ پێنەدان بە سکاڵایی هاووڵاتییانی بەلووچ لە لایەن دەزگای قەزایی و ناوەندە نیزامییەکان، بووەتە هۆی ئەوەیکە هێزە نیزامییەکان دەستیان لە کوشتنی هاووڵاتییانی بەلووچ ئاوەڵاتر بێت.