کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی ئومید، بێ هیوا دەکرێت

12:05 - 6 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: دوو وڵاتی عێراق و بەحرەین داوای سەرکۆماری ئێرانیان بۆ بەشداری لە داهێنانی ئاشتیی هورموز، ناسراو بە "هاوپەیمانیی ئومید"یان، ڕەتکردەوە.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، بە داڕشتنی پرۆژەیەک بە ناوی "داهێنانی ئاشتیی هورمۆز"، کە بە "هاوپێمانیی ئومید" ناسراوە، داوای لە وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە کە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییە هاودەنگ بن.

لە بەرانبەردا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عێراق و بەحرەین لە دانیشتنی هەواڵیی ٧٤ـەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیۆیۆرک، ڕایانگەیاند کە بۆ بەشداری لە "هاوپەیمانیی ئومید" ئامادە نین.

"محەممەد عەلی ئەلحەکیم"، وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق وتوویەتی: "لە ئێستادا تا دەستپێکردنەوەی دووبارەی دانیشتنەکان و پێکهاتنی سەقامگیری لە نێوان لایەنەکاندا پێویستیمان بە کات هەیە و ناتوانین بەشداری لەو هاوپەیمانیەتییە بکەین".

هەروەها، "خالد بن ئەحمەد"، وەزیری دەرەوەی بەحرەین، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئێسپووتینگ" وتوویەتی: "لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەم پێشنیارە لەگەڵ هاوپەیمانییەکدا کە ئێمە تێیدا بەشدارین تەبا نییە؛ ئەمە هاوپەیمانییەکە لە گەرووی هورمۆزدا و ئێمە ناتوانین لە دوو هاوپەیمانیدا بەشداریمان هەبێت".

بەحرەین لە یەکەمین وڵاتەکانی دەوروبەری کەنداوە کە لە هاوپەیمانیی ئاویی پێشنیارکراوی ئامریکادا، بۆ پاراستنی گەرووی هورمۆز بەشداریی کرد، لە حاڵێکدا وڵاتی عێراق لەو هاوپەیمانییەشدا بەشدار نەبوو.