کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانەتی و دۆستایەتیی نێوان ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران بەرەو ئاڵۆزی دەروات

18:19 - 16 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی جێگیربوونی هێزەکانی ڕووسیە لەسەر سنووری سووریە و لوبنان، هێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا، لە زاری دوو بەرپرسی پلەبەرزی سووریە بڵاوی کردووەتەوە، کە پاش جێگیربوونی کاتیی ژمارەیەک لە چەکدارانی ڕووسیە لە بەشێک لە سنووری نێوان لوبنان و سووریە، هێزە میلیشیایییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ئەم هەواڵدەرییە ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێزەکانی ڕووسیە لە شاری قەسیر لە سنووری نێوان سووریە و لوبنان جێگیر بوون، کە هێزە میلیشیایییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە هۆی ئەوەی کە ئەوان لەو جێبەجێبوون و جێگیرکردنە ئاگادار نەبوون، ناڕازین.

ئەم شێوە پەرچەکردارە لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە کە لەسەر سووریە هاودەنگ و هاوپەیمان بوون، لەم چەند ساڵەدا نەبینراوە و دەگمەنە.

ئەگەرچی ئەم هەواڵە هێشتا لە لایەن بەرپرسانی ڕووسیەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام یەک دوو حەوتووی ڕابردوو، بەرپرسانی ڕووسیە خوازیاری چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە سووریە بوون، کە لەگەڵ دژکردەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەرەوڕوو بوونەوە.

هەر لە پێوەندی لەگەڵ هاتنەدەرەوەی هێزە بیانییەکان و دەستێوەردانە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، چەند ڕۆژ پێش وەزیرانی بەرگریی ئیسرائیل و ڕووسیە و هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەر دوو وڵات دانیشتن و وتووێژیان هەبووە.