کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ سەردانی زەریف بۆ کۆمیسیۆنی ئورووپا، خۆپێشاندانێکی ناڕزایەتی بەڕێوە چوو

14:50 - 22 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ سەردانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ کۆمیسیۆنی ئورووپا لە شاری برۆکسێل، بە بەشداریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک و چەند لایەن و رێکخراوی سیاسیی ئێرانی، خۆپێشاندانێکی ناڕزایەتی بەم بۆنەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی سەردانی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران بۆ کۆمیسیۆنئ ئورووپا، خۆپێشاندانێک لە بەردەم بینای کۆمیسیۆنی ئورووپا لە شاری برۆکسێل بەرێوە چوو.

خۆپێشاندانەکە بە بەشداریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک و چەندین هێز و ڕێکخراوی سیاسی ئێرانی بەڕێوە چوو.

چەندین کەسایەتی سیاسی و نوێنەری حیزب و لایەنەکان بە بۆنەی سەردانی زەریف بۆ کۆمیسیۆنی ئورووپا و خستنە ڕووی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئاژاوەگێری ئێران لە ناوخۆ، ناوچە و جیهاندا قسەیان کرد.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک، کاوە ئاهەنگەری لەم خۆپێشاندانەدا پەیامی حیزبی دێموکراتی خوێندەوە و تێدا تەکەزی لە سەر ئەوە کرد کە هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ٤٠ ساڵ لەمەوبەرەوە، گەلی کورد و حیزبی دێموکرات زۆر بە باشی ناوەرۆکی ئەم ڕێژیمە دژی گەلی و دژی ئازادییان خوێندبووە و بۆیە هەر زوو ڕێژیم دەستی بە هێرش و پەلامار بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد و ئەم سیاسەتە دژی گەلییە هەتا ئێستاش بەردەوامە.

کاوە ئاهەنگەری ڕووخانی ڕێژیمی ئێران بە هاوکاری و هاوئاهانگیی هەموو نەتەوەکانی ئێران و ئازادیخوازان بە تاکە ڕێگای گەییشتن بە سیستمێکی دێموکراتیک، سکۆلار و ئازاد دەستنیشان کرد.

خۆپێشاندانەکە ٢ کاتژمێری خایاند و تێدا جگە لە پەیامی کەسایەتی و لایەنەکانی بەشدار، بە درووشم درێژەی هەبوو.