کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هزرگەی هادسن لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی پێک هێنا

12:28 - 2 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دانیشتنێکی تایبەت لە هزرگەی هادسن، لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت قاسم سولەیمانی لەسەر حکوومەتی داهاتووی عێراقدا، بەڕێوە چوو.

لە بینای هزرگەی هادسن، لە  شاری واشنتۆن، ڕۆژی سێشەممە ١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دانیشتنێک لەژێر ناوی "هەڵبژاردنەکانی عێراق، چاوەڕوانیی بڕیاری سەدر و سولەیمانی"، بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا "جیمز جفری" باڵوێزی پێشووی ئامریکا لە عێراقدا، "مایکل پریجنت" شرۆڤەکاری باڵای هزرگەی هادسن، "ئەحمەد خالید مەجیدیار" لە دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و "بلال و هاب" لە دامەزراوەی واشنتۆن، قسەیان کردووە.

پریجنت لەو دانیشتنەدا باسی لەوە کردووە، کە قاسم سولەیمانی لە هەوڵی ئەوەدایە هەتا پێش بە هاوپەیمانەتی نێوان موقتەدا سەدر و عەمار حەکیم و حەیدەر عیبادی بگرێت، هەروەها ناوبراو وتوویە: "بەشداری هاوپەیمانەتی "هادی عامری و حەشدی شەعبی" لە دەوڵەتی داهاتووی عێراقدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا زۆر خراپە، بەڵام ئێران دەیەوێت ئەوە ڕوو بدات.

جیمز جفری، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران بەتەمایە هاوپەیمانەتییەکی بەهێز پێک بێنێت، هەتا لەو ڕێگایەوە بتوانێت زۆربەی وەزارەتخانە گرینگەکانی عێراق بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە".

خالید مەجیدیار باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران پێی خۆش نییە، موقتەدا سەدر بچێتە نێو حکوومەتی نوێی عێراقەوە، ئەوان دەترسن کە سەدر دەرگاکانی عێراق هاوشێوەی عەرەبستان و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەڕووی ڕکەبەرانی ڕێژیمی ئێراندا ئاوەڵا بکاتەوە.

پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە لایەنگران و هاوپەیمانەکانی خۆی لە کاتی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، لە ئاستێکدا بوون کە دەیان میلیارد دۆلاری بۆ عێراق بەڕێ کردبوو، بەشێک لەو پارانە کە بە ناوی هادی عامری، فەرماندەی حەشدی شەعبی بەڕێ کرابوو، لە سنووری خوسرەوی لە لایەن پولیسی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا.