کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندانی کوردستان هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژائاوا مەحکووم دەکەن

10:57 - 18 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: هونەرمەندانی کوردستان، دەستدرێژییەکەی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا مەحکووم دەکەن و داوای یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان دەکەن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، هونەرمەندانی کورد: "ناسر ڕەزازی" و "شوان پەروەر"، هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا مەحکووم دەکەن و داوای یەکگرتوویی زیاتری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان دەکەن.

هونەرمەند "ناسر ڕەزازی"، هێرشکردنە سەر کوردانی ڕۆژئاوا، بە هێرش بۆ سەر ئاشتی و ئازادی و دێموکراسی و هەروەها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆ‌ڤ ناو لێ دەبات و جەخت دەکاتەوە کە زامنی سەرکەوتنی گەلی کورد، یەکگرتووییە.

هەروەها هونەرمەند شوان پەروەر، دەستدرێژییەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوا مەحکووم دەکات و باس لە یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیی کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان دەکات.

ناوبراو ئاماژە بە خەباتی سەدان ساڵەی نەتەوەی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی، دێموکراسی، ئاشتی، ئازادی و برایەتی دەکات و حکوومەتی تورک شەرمەزار دەکات.

گەلی قارەمانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، هیچ کات شەرخواز نەبووە و هەمیشە باوەڕی بە چارەسەریی پرسی کورد لە ڕێگەی ئاشتییانەوە بووە.

نەتەوەی کورد هەمیشە شەڕی بۆ لەنێوچوونی تێرۆریستان بەکارهێناوە، بەڵام ئەوەیکە بەسەر گەلی کورددا سەپاوە، شەڕ لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بووە.