کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندی قسەخۆش و نیشتمانپەروەر کۆچی دوایی کرد

11:22 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: هونەرمەندێکی قسەخۆش و نیشتمانپەرەوەری کورد، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، هونەرمەندی بەیت و حەیرانخوێن، قسەخۆش و شۆرشگێڕی سەردەمی شۆڕشی ٤٦ـ ٤٧، مامۆستا ڕسووڵ نادری، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا ڕەسووڵ نادری لە ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی، لە گوندی ئوزونتاشی ناوچەی مەنگوڕایەتی، سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بوو و لە ساڵی ١٣٥١ی هەتاوییەوە لەو شارە نیشتەجێ بووە.

ناوبراو یەکێک لە هاوڕێبازەکانی شۆڕشی ٤٦ ـ ٤٧ بوو، کە بە هۆی هاوکاریی شۆڕشگێڕانی ئەو شۆڕشە لە ساڵی ١٣٤٧ی هەتاویدا دەسبەسەر کرا و ماوەی ٣ ساڵ لە گرتووخانەکانی ڕێژیمی پاشایەتی دەسبەسەر دەبێت.

ئەم هونەرمەندە نیشتمانپەروەرە، کە بەردەوام بە قسە خۆشەکانی دڵی نەتەوەکەی خۆش دەکرد و بزەی دەخستە سەر لێویان، لە بواری بەیت و حەیرانخوێنیشدا دەستێکی باڵای هەبووە و وەکوو یەکێک لە هونەرمەندە ناودارەکانی ئەو بوارانە ناسراوە.

بەم بۆنەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم هونەرمەندە نیشتمانپەروەرە دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.