کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێکی پەنجەڕەنگینی نەتەوەیی کورد لە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە ژیان و هونەر کرد

18:31 - 27 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: هونەرمەندی پەنجەڕەنگینی نەتەوەیی کورد، مامۆستا ئیسماییل پاکزاد ناسراو بە سمکۆ لە تەمەنی ۵۸ ساڵیدا لە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە ژیان و هونەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"؛ سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ۲۷ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی بەرانبەر بە ۱۹ی ئۆکتۆبری ۲۰۱۸ی زایینی، هونەرمەندی پەنجەڕەنگینی نەتەوەیی کورد، مامۆستا ئیسماییل پاکزاد ناسراو بە سمکۆ خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی ۵۸ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان و هونەر کرد.

مامۆستا سمکۆ، ساڵی ۱۹۶۰ی زایینی لە گوندی "نۆبار"ـی شاری بۆکان لە دایک بووە. لە ساڵی ۱۹۷۶ی زایینی لە ماڵی گەنجانی شاری مەهاباد دەستی بە فێربوونی کاری هونەری شێوەکاریی کردووە و لە ساڵی ۱۹۷۸ی زایینی لە پێشبڕکێیەکی هونەری شێوەکاریی سەرتاسەریی ئێراندا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و میداڵی زێڕی ئەو پێشبڕکێیەی پێ بەخشراوە.

ئەو هونەرمەندە دەستڕەنیگنە کوردە، بە هەستێکی نەتەوەییەوە دەستی کردووە بە نەخشاندنی بەشێک لە مێژووی کەسایەتییەکانی کوردستان، و شێوەی زیاتر لە ۱۵۰ کەسایەتی کورد لە شاعیران، نووسەران، گۆرانیبێژان، و فۆلکلۆربێژانی کوردی کێشاوەتەوە.

مامۆستا سمکۆ بەشداری زیاتر لە بیست پێشانگای تایبەت و گشتیی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی کردووە و هونەرەکانی خستووە بەر دیدی بینەران و هونەردۆستانی کورد، دواجاریش لە مۆزەخانەی نیشتمانی "ئەمنە سوورەکە" لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان لەگەڵ هونەرمەند خاتوو سارا تەلایی لە پێشانگایەکی تایبەتدا هونەرەکانیان دەخەنە پێش دیدی هونەردۆستانی کورد.

ئەو هونەرمندە کوردە جگە لە هونەری شێوەکاری کە دەست و پەنجەیەکی بەرزی لە نەخشاندنی سرووشت و کەسایەتی و هێماکانی کوردی هەبووە، زۆر جاریش شێعری شاعیرای کوردی دیکلەمە کردووەتەوە.

دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای داخ و پەژارەی خۆی بۆ لە دەستدانی کەسایەتی و هونەرمەندی پەنجەڕەنگینی کورد مامۆستا سمکۆ پاکزاد، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری، هەروەها هۆگرانی هونەری کوردی دەکات.