کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری نافەرمی ئامریکا بە وڵاتانی جیهان

11:14 - 21 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: لێپرسراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کە ناوی بڵاو نەکراوەتەوە بە هەواڵدەرییەکانی وتووە: کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ جارێکی دیکە لەژێر دەمامکی دیپلۆماسی و لە ڕێگەی باڵوێزخانە و کۆنسوولخانەکانییەوە کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام بدات بۆیە وڵاتانی جیهان دەبێ زۆر وریا بن.

ماڵپەڕی VOA ئاشکرای کردووە گەورە لێپرسراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە هەیئەتێکی پایەبەرزی وڵاتەکەی بۆ تاوتوێ کردنی مەترسییەکانی ئێران لە بواری تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ماوەی ٣ ڕۆژ لە وڵاتی عەرەبستاندا بوون و ڕایگەیاندووە: ئامریکا هۆشداری جیددی دەداتە سەرجەم وڵاتانی جیهان کە دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی لە باڵوێزخانەکاندا ئامادە کراون بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی.

ناوبراو وتوویەتی: داواکاری ئێمە لە هەموو وڵاتانی جیهان ئەوەیە کە بە وریاییەوە لەگەڵ ئەم دیپلۆماتانە مامەڵە بکەن و بیانخەنە ژێر چاودێری خۆیانەوە؛ وڵاتێک کە بتوانێ لە ناوەندی ئەورووپادا پیلانی تێرۆریستی دابڕێژێ زۆر مەترسیدارە و دەتوانێ لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهانیش ئەم کارە بکات.

ڕابردوو و کارنامەی پڕ لە شوورەیی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی تێرۆریزم بەتایبەت لەدژی نەیاران و جیابیرانی خۆی و چالاکانی سیاسی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات دیار و بەرچاوە کە زەقترین و بەرچاوترینیان تێرۆری دوو ڕێبەری مەزنی گەلی کورد، شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی لە دوو وڵاتی ئەورووپاییە.

هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی کارمەندی باڵوێزخانە و کۆنسوولگەری چەندین کردەوەی تێرۆریستییان لە وڵاتانی ناوچە و بەتایبەت لە عێراق و کوردستانی باشوور ئەنجام دا کە بەرچاوترینیان تێرۆر و شەهید کردنی دەیان کادری بەوەجی حیزبی دێموکرات بوو.