کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە کۆماری ئیسلامی

12:08 - 30 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە فەرمی هۆشداری دایە کۆماری ئیسلامی و ڕایگەیاند هەر هاووڵاتییەکی ئامریکایی لە عێراقدا گیانی لەدەست بدات ئێمە کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیار دەزانین.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٩ی خەرمانان ڕایگەیاند: " ئێمە کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیار لەهەمبەر هێرشەکان بۆ سەر ناوەندەکانمان لە عێراق دەزانین. هەروەک وەزیری دەرەوە حەوتووی پێشوو وتی بینیمان کە ناوەندەکانی ئێمە لە بەسرە کرانە ئامانجی موشەکەکان؛ ئەم ڕووداوە لە بەغداش دووبارە بوونەوە... بەباوەڕی ئێمە ئێران هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری لە ناوچەیە؛ ئەوان بەردەوامن لە هێرش بۆسەر دەوڵەتەکان و کەسایەتییەکان لە ڕێگەی میلیشیاکانیانەوە."

هێدێر نائورت لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداری جیددی داوە و وتوویەتی: ئاشکرا بڵێم، ئەگەر هەر ئامریکاییەک لەم نێوانەدا گیانی لەدەست بدا ئێمە کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیار دەزانین."

ئەم هۆشداریدانەی ئامریکا لە کاتێکدایە کە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانان کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکان بۆسەر کۆنسوولگەری ئامریکا لە بەسرە و باڵوێزخانەکەمان لە بەغدا لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئەنجام دران؛ ئەو میلیشیانەی کە لەلایەن تارانەوە پشتیوانی دەکرێن، دنە دەدرێن و پڕچەک دەکرێن.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەی ئامریکا نوێنەرانی کۆماریخواز لە سێنا بۆ پێشگرتن لە دزەی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و تەحریمی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا گەڵاڵەیەکیان پێشکەش کردووە.

هەروەها نیکی هیلی، ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا مووشەکبارانی سەر بنکەکانی PDKIی مەحکووم کرد؛ نیکی هیلی وتوویەتی: لە مانگەکانی ڕابردوودا ئێران دەسدرێژییەکانی خۆی بۆسەر خاکی عێراق زیاتر کردوە و بە ئاشکرا هێزە نیابەتییەکانی بە پارە و چەکوچۆڵ تەیار کردووە و هەوڵی بەردەوام لاواز کردنی عێراقی داوە تاکوو چالاکییە تێرۆریستییەکانی خۆی لەوێدا پەرە پێبدات، لە دوایین نمووشەدا و پاش بەزاندنی سنوورەکانی عێراق، هێرشی مووشەکی کردە سەر ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ئەم چەشنە کارە تێکدەرانە مەحکوومە و جێگەی قبووڵ کردن نییە.

قسەکانی نیکی هیلی تەنیا ڕۆژێک پاش ئەوە دێنە ئاراوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا سەبارەت بە بارودۆخی تێرۆریزم کۆماری ئیسلامی وەک سەرەکیترین پشتیوان و پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهان ناساند.