کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی بریتانیا بە دوو ناسنامەیییەکان لە سەفەر بۆ ئێران

13:40 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، هۆشداری داوە بە دوو ناسنامەیییەکان کە بۆ ئێران سەفەر نەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، هۆشداری داوە بە دوو ناسنامەیییە ئێرانی- بریتانیایییەکان، کە بە هەموو شێوەیەک خۆیان لە سەفەری ناپێویست بۆ ئێران ببوێرن.

وەزارەتی دەرەوی بریتانیا لە پەیجی تایبەت بە ئێران، زانیارییەکانی تایبەت بە سەفەر بۆ ئێرانی تازە کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە شارومەندانی دوو ناسنامەیی لە سەفەر بۆ ئێران لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوون و لە ئەگەری دەسبەسەرکردنی شارومەندانی بریتانیایی کە ناسنامەی ئێرانیشیان هەیە، دەوڵەتی بریتانیا توانای پاڵپشتیکردن لەو کەسانەی کەمە.

وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاندووە، کە ئێران دوو ناسنامەیییەکانی بریتانیا بە فەرمی ناناسێت و دەسبەسەریان دەکات و دەوڵەتی بریتانیاش ناتوانێت لە زیندانەکانی ئێران ڕزگاریان بکات.

ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی دوو ناسنامەیییەکان کە بۆ ئێران سەفەر دەکەن، بە تۆمەتگەلی جیاواز وەکوو سیخوڕیکردن و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دژبەر دەسبەسەر دەکات و بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسا نێونەتەوەیییەکان هەڵسوکەوت دەکات.