کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی جیددی پۆمپێئۆ بە ڕێژیمی تاران

11:36 - 3 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە نوێترین هەڵوێستیدا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: ئەگەر تاران واز لە هەوڵەکانی بۆ وەدەستخستنی چەکی ناوکی نەهێنێت لەگەڵ ڕقی ‌بێبەزەییانەی جیهان بەرەوڕو دەبێتەوە.

مایک پۆمپێئۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی "MSNBC" کە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ بڵاو کرایەوە ڕایگەیاند: ئەگەر لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی ڕێژەی سانتریفیوژەکانیان زیاد بکەن و واز لە بەرنامە ناوکییەکەیان نەهێنن کە هەموو جیهان بە نایاسایی دەزانێت، ئێمە ڕێکارێک دەگرینە بەر کە پێم وا نییە بە قازانجیان بێت.

ناوبراو وتوویەتی: کاتێک کە دەڵێم ڕق و تووڕەیی، مەبەست تەنیا کرداری سەربازی نییە بەڵکوو ئامانجم گوشاری ئابووری و ڕیسوایی ئەخلاقییە کە لەسەریان زیاد دەکرێت.

ئەم قسانەی پۆمپێئۆ دژکردەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکایە بە هەوڵە نوێیەکانی ئێران لەهەمبەر زیادکردنی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم؛ عەلی خامنەیی ڕۆژی ١٤ی جۆزەردان بڕیاری زیادکردنی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی دەرکرد و دواتریش لێپرسراوانی دەزگای وزەی ناکی ڕێژیم، ئامادەیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئەم بڕیارە ڕاگەیاند.

دوابەدوای هاتنەدەری تاکلایەنەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی ناسراو بە بەرجام، دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاڵۆزتر بووەتەوە بەچەشنێک کە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەمە هەنگاوی یەکەم بۆ بەچۆکداهێنانی ڕێژیمی ئێرانە.

مایک پۆمپێئۆ چەند ڕۆژ لەمەوپێشیش لە چەند تویتدا سەبارەت بە سیاسەتە دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی تاران هەڵوێستی گرت؛ ناوبراو گووتبووی: خەڵکی ئێران شایانی پاراستنی ڕێز و کەسایەتی خۆیانن، لەحاڵێکدا "ڕێژیمی گەندەڵی ئێران بە سەرمایەی خەڵکی ئێران لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سپا، حیزبۆڵڵا و حەماسی دەوڵەمەند کردووە و خەریکی درێژەدان بە شەڕی نیابەتییە.