کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی نەتەوەتە یەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ وشکەساڵی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا

12:59 - 26 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا، دەبێ خۆیان بۆ کەمئاوی و وشکەساڵی ئامادە بکەن.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٥ی جوزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە وشکەساڵی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا بڵاو کردووە ، کە لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە، لەو ناوچانە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا وشکەساڵی زیاتر و درێژخایەنتر بووە و ئەو ناوچانە کەمترین پاشەکەوتی ئاویان لە جیهاندا هەیە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە، کە ئەو بارودۆخە خراپتر دەبێت و بە وڵاتانی ئەو ناوچانە هۆشداری داوە، کە دەبێ خۆیان بۆ ئاسەوار و دەرکەوتەکانی وشکەساڵی ئامادە بکەن و بەرنامەی تایبەتیان بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانانە هەبێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕنە کاسترۆ جێگری ڕێکخراوی فائو وتوویەتی: بۆ چارەسەریی قەیرانی کەمئاوی دەبێت وڵاتانی جیهان بیرکردنەوەی دروستیان بە نیسبەت وشکەساڵی هەبێت و بە بەڕێوەبەری دروست و بە داڕشتنی بەرنامەی درێژخایەن، لەگەڵ مەترسییەکانی کەمئاوی بەرەوڕوو ببن.

کوردستان یەکێک لەو وڵاتانەیە کە سەرچاوەی ئاوی بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بەڵام لەگەڵ قەیرانی کەمئاوی بەرەوڕوو بووە، کە ئەوەیش لە سیاسەتەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان سەرچاوە دەگرێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی و تاڵانکردنی کوردستان، بە گواستنەوی ئاوی ئەو ناوچەیە بۆ بیاوانەکانی ناوەندی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەگەڵ قەیرانی کەمئاوی بەرەوڕوو کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، بە دروستکردنی ناکارناسانەی بەنداو لەسەر ڕووبارەکانی ڕۆژهەڵات، جیا لە گواستنەوی ئاوی ڕووبارەکان بۆ ناوچە فارسنشینەکان، سەرچاوەی ئاوە ژێرزەوینییەکان لە کوردستان وشک دەکات.

سەرەڕای ڕێکخراوە جیهانییەکان، کارناسانی ژینگەییی نێوخۆی ئێران و هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم، بە بەردەوامی هۆشداری دەدەن کە قەیرانی ئاو لە ئێراندا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێت و تەنانەت خەڵکی کوردستان چەندین جار لەو پێوەندییەدا خۆپیشاندانیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بەبێ لەبەرچاوگرتنی داهاتووی نەتەوەکانی ئێران، تەنیا خزمەتگوزارییەکانیان بۆ ناوەندی ئێرانە و ئامادەن بۆ ڕزگارکردنی ناوچە فارسنشینەکانی ئێران، ناوچەکانی دیکە لەنێو ببەن.