کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا بە هاوپەیمانانی

12:00 - 16 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، بە نیسبەت مامەڵەکردنی هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هۆشداری دا.

هەواڵدەوریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، داوای لە هاوپەیمانانی ئامریکا، کومپانیا بەشەکۆوەکان و کەرتی تایبەت کردووە، هەموو هەوڵەکانیان وەگەڕ بخەن، بۆ ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە هیچ مامەڵەیەک سوودمەند نەبێت.

ئەو داواکارییەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، بۆ ئەوەیە هەتا ڕێژیمی ئێران لە پارەی سوودی مامەڵەکان بۆ کارە تێکدەرانەکانی خۆی کەڵک وەرنەگرێت.

"سیگڵ ماندڵەر" پارێزەری وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، لەو بارەوە باسی لەوە کردووە، "پێویستە کیسەی پارەکانتان توند بکەنەوە و داوا لە کومپانیاکانتان بکەن، پشکنینی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی نەکەونە داوی ڕێژیمی ئێرانەوە، هەروەها دەبێت مەترسییەکانی بازرگانیی لەگەڵ کومپانیا و لایەنەکانی ئێراندا ڕوون بکەنەوە."

ماندڵەر جەختیشی کردووەتەوە: "ئەوانەی کە لە کەرتی تایبەتدان، ڕێوشوێنی زیاتر بگرنە بەر هەتا ڕێژیمی ئێران لە سوودی مامەڵەکان کە دەستی دەکەوێت، بۆ کارە تێکدەرانەکانی خۆی کەڵک وەرنەگرێت".

ئەو پارێزەرە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، کە ڕێژیمی ئێران کۆمپانیاکانتان هەڵدەخەڵەتێنێت و هەروەها پارێزراویی سیستمی پارەکانتان تێک دەدات و دامەزراوەکانتان دەخاتە مەترسییەوە و هەموو ئەم هەوڵانەی ڕێژیمیش بۆ یارمەتیدان بە تێرۆر،  پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانیکردن لە گرووپە تیرۆریستییەکانە."

ماندڵەر دووپاتی کردووەتەوە: " گوشاری دارایی پێشوەخت بەسەر ڕێژیمی ئێراندا دەسەپێنین. دەسەڵاتی ئابووریمان بەهێزە و تەنیا یەک بژاردە دەخەینە بەردەم رێژیمی ئێرانەوە؛ دەبێت چیتر پشتیوانیی لە تێرۆر نەکات و واز لە چالاکییە تێکدەرانەکانی بهێنێت و مافەکانی مرۆڤ پێشێل نەکات، ئەگەر نا بەرەوڕووی کارەساتێکی دارایی دەبێتەوە."

دوای ئەوەی که سەرۆکی ئامریکا دانڵد ترامپ لە ڕێکەوتنی ناوکیی بەرجام کشایەوە، سزای ئابووریی بەسەر ڕێژیمی تاراندا سەپاند، کە بەو هۆیەوە هەتا ئێستا چەندین شیرکەت و بانکی بیانی لە ئێراندا چوونەتە دەرەوە.