کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا بە وڵاتانی جیهان

13:59 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا هۆشداری بە وڵاتانی جیهان داوە، کە ئەو وڵاتانەی خزمەتگوزاریی فڕۆکەیی و ئاسمانی بە ڕێژیمی ئێران بدەن، گەمارۆی ئابووری بەدژیان پەسەند دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان "سیگاڵ مێندلکێر"، جێگری وەزیری خەزینەداریی ئامریکا لە کاروباری تێرۆریزم و زانیاریی ماڵی بە وڵاتان و کومپانیاکان، هۆشداریی بە وڵاتانی جیهان داوە چەند هێڵی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران کە گەمارۆی ئابووریی بەدژیان پەسەند کراوە، بە هیچ شێوەیەک هاوکارییان نەکەن.

مێندلکێر لە قسەکانی خۆیدا جەختی کردووەتەوە، ئەو وڵاتانەی کە ئیزنی نیشتنەوە بە فڕۆکەکانی ڕێژیمی ئێران و خزمەتگوزارییان پێ بدەن، گەمارۆی ئابووریی بەدژیان پەسەند دەکرێت.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا دوو حەوتوو پێش، چەندین کەس و کومپانیای سەر بە هێڵی ئاسمانیی ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە نێو لیستەی گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە.

لەو پێوەندییەدا، هەواڵدەرییەکانی فەڕانسە بڵاویان کردووەتەوە، کە کومپانیای بووئینگ هیچ فڕۆکەیەک بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشێت و ئەو بڕیارەش لە کاتێکدایە کە ئەو کومپانیایە بڕیار بوو فڕۆکەی مسافرهەڵگریی بە ڕێژیمی ئێران بفرۆشیت.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا  بۆ گوشار و کونتڕۆڵی ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا گەمارۆی ئابووری دژی ئەو ڕێژیمە پەسەند بکات و هەروەها لە فرۆشتنی فڕۆکەی بووئینگ و ئایرباس بەو ڕێژیمە خۆی ببوێرێت.

ڕۆژی ڕابردووش، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، داوای لە هاوپەیمانانی ئامریکا، کومپانیا بەشەکۆوەکان و کەرتی تایبەت کردووە، هەموو هەوڵەکانیان وەگەڕ بخەن، بۆ ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە هیچ مامەڵەیەک سوودمەند نەبێت.

دوای ئەوەی که سەرۆکی ئامریکا دانڵد ترامپ لە ڕێکەوتنی ناوکیی بەرجام کشایەوە، سزای ئابووریی بەسەر ڕێژیمی تاراندا سەپێندرا، کە بەو هۆیەوە هەتا ئێستا چەندین کومپانیا و بانکی بیانی لە ئێراندا چوونەتە دەرەوە.