کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆنەرمەندێکی مۆسیقای فولکلۆر، ماڵاوایی لە دنیای هونەر کرد

19:19 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: "حه‌سەن مستەفاپوور" ناسراو به "حه‌سەن تووزەله"، یەکێک لە هونەرمەندانی بواری مۆسیقای فولکلۆری کوردی، کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممه ڕێکەوتی ١٧ی بانه‌مه‌ڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، "حه‌سەن مستەفاپوور" ناسراو به "حه‌سەن تووزەله "، یەکێک لە هونەرمەندانی کورد، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیدا، له ته‌مه‌نی ٩٢ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ئه‌و هونه‌رمه‌ندە، له‌گه‌ڵ هونەرمەندانی ناوداری کورد وەکوو: مامۆستا "حه‌سەن زیرەک، محه‌ممه‌د ماملێ، مەلا حوسێن، ئیبرایمی قادری" و چەندین هونەرمەندی دیکە کاری هونه‌ری کردووە.

مامۆستا حه‌سەن تووزەله، یه‌کێک له گه‌ورەترین ژەنیارانی ئامێری دووزەله بووه.

دووزەله ئامێرێکی کۆنی موسیقای فۆلکلۆری کوردییه، کە ئەو هونەرمەندە بە باشترین شێوە ژەندوویەتی و هەتا ئێستاش بەشێک لە بەرهەمەکانی لە لایەن ناوەندی دەنگوڕەنگی مەهابادەوە تۆمار کراوە.

"حەسەن تووزەلە" ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، له فستیڤاڵی مۆسیقای سونه‌تی ـ ئایینی، خەڵاتی زێڕینی مۆسیقای له وەزارەتی فەرهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێرانەوە پێ دراوە، ناوبراو خاوەن چەندین دیپلۆمی شانازیی بووە و هەروەها پله‌ی مامۆستایەتی و دوکتورای شانازییشی پێ به‌خشراوە.

دووزەلە ناوی ئامێرێکی مۆسیقایە، کە لە دوو زەل پێک دێت، بەڵام لە زۆربەی ناوچەی موکریاندا بە تووزەلە بێژە دەکرێت.