کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیجری: رێکەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، دەسەڵاتی ئێران لە نێوخۆ و ناوچەکەدا زیاتر دەکات

14:39 - 11 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: حەوتوونامەی Jungle Wordی ئاڵمان، وتووێژێکی لەگەڵ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حێزبی دێموکرات پێکهێناوە.

رۆژنامەنووس، جۆناتان وێکرله ئەو وتووێژەی لە رێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی پێکهێناوە

دەقی وتووێژەکە بەم چەشنەیە:

ناڕەزایەتییەکان درێژەیان دەبێت

له ماوەی پێشوودا له چەند شاری کوردستانی ئێراندا خەڵک رژانه سەر شەقامەکان و نائارامی هاتە ئاراوه. رێژیمی ئێران هەر پاش هاتنه سەر کاری، کوردستانی ئیرانی میلیتاریزه کردووه. مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، ئەو حیزبە‌ی ساڵی ١٩٤٦ زایینی دامەزراوه و لەلایەن خومەیینیەوه به حیزبی شەیتان ناودێر کرابوو. دوو له رێبەرانی ئەو حیزبه لەلایەن دەزگای ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوه تیرۆر کراون. حەوتوونامەی Jungle Word لەگەڵ مستەفا هیجری سەبارەت به بارودۆخی ئێران و ناوچەکە و هەروەها پێوەندیی نێوان حیزبە کوردییەکان وتووێژێکی پێک هێناوه.

ژوونگڵ ڤۆرد: دەتوانن باسی ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەم دوایی‌یەی کوردستانمان بۆ بکەن که تەنانەت هێندێک میدیا وەک شۆڕش ناویان دەبرد؟
هیجری: لە کوردستان و به گشتی له ئێراندا زۆر جار هۆکاری جۆراوجۆر وەک دەرفە‌ت کەڵکیان لێوەر دەگیردرێت بۆ ئەوەی خەڵک دژایەتیی خۆی لەگەڵ رێژیم دەربڕێت. لەگەڵ بوونی سەرکوتی زۆر زیاتر له ساڵانی دواییدا، زۆر جار شاهیدی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرین بووین. لەم دوایی‌یانەدا کوژرانی کچێکی کارمەندی هۆتێلێک له شاری مەهاباد که دەگوترێ لەلایەن کەسێکی سەربه رێژیم هەوڵی دەستدرێژی‌کردن بۆ سەری دراوه، بوو بە هۆکاری دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی ئەو شاره. رێژیمی ئێرانیش بە پێی ئەو ئەزموونەی کە هەیەتی، دەزانێ که ئەم چەشنه ناڕەزایەتییانه زۆر زوو رەنگ و رووی سیاسی به خویانەوه دەگرن. هەر بۆیەش به توندترین شێوه ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانه سەرکوت کران. له میانەی ئەو سەرکوتکردنەدا تەقه له خەڵکی ناڕازی کراوه و زۆر کەس بریندار بوون. هەروەها کۆمەڵێک لەو کەسانەی که بەشداری ئەو خۆپیشاندانه بوون، دەستبەسەر کران.

ژوونگڵ ڤۆرد: بۆچی بارودۆخەکە وایه که خەڵک به دوای هۆکاردا دەگەڕێن بۆ ئەو‌ەی ناڕەزایەتیی خۆیان دژ به رێژیم دەربڕن؟
هیجری: راستیی مەسەلەکه دەگەڕێتەوه بۆ ئەو سە‌رکوت و توندوتیژەی که دەرحەق به کورد له ئێرندا هەیه. خەڵک داوای مافە سیاسی و نەتەوەیی‌یەکانی خۆی دەکات که زەوت کراون. بۆیه وەک زۆر جار دەگۆترێت، ناڕەزایەتییەکان تەنیا له بەر کێشەی ئابووری نین. خەڵک دژی نیزامەکەیه.

ژوونگڵ ڤۆرد: له ئەساسدا ویستی خەڵک ئازادیه گشتیەکانە، یان زیاتر مافی نەتەوەیی کورد؟
هیجری: له وەهلەی یەکەمدا داخوازیی کورد مافە نەتەوەیی‌یه زەوتکراوەکانیەتی. خەڵکی کورد داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکات. ئەمه بەسه بۆ ئەوەی رێژیم بیانووی هەرچەشنه سەرکوتێکی هەبێت.

ژوونگڵ ڤۆرد: بەشداریی ژنان له ناڕەزایەتییەکاندا چۆنه؟ 
هیجری: ئەوەی که لەم رووداوەی پێشووی مەهاباددا ژنێک ببووه قوربانی، تەنیا هۆکار نەبوو بۆ بەشداریی ژنان لەو چەشنه ناڕەزایەتییانەدا که دێنه ئاراوه. ژنانی کورد لە‌م جۆره خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتیدا هەردەم بەشێک لەو خەڵکه بوون که بەشداریی چالاکانەیان هەبووه. دەبێ ئەوەش بڵێـم که ئەمه له نێو کورددا شتێکی نوێ نییه و ژنانی کورد هەردەم چالاکانه بەشدارییان کردووه.

ژوونگڵ ڤۆرد: بارودۆخەکه له ئێستادا چۆنه؟
هیجری: له دوو حەوتووی رابردوودا هێزەکانی رێژیم هەوڵیان دا وەزعەکه کۆنترۆڵ بکەن. دیاره بۆ ئەو کارەش هێزێکی زۆری رێژیم جووڵەی پێ کراوه. رێژیم دەیوسیت ئەم نائارامییه به تەواوی سەرکوت بکات، تاکوو پەره نەستێنێت. دیاره له جارانی رابردووشدا ئەم شێوه سەرکوته هەر بووه، بەڵام سەرهەڵدان هەر رووی داوه. بۆیه ئەگەر روودانی سەرهەڵدان له داهاتووی نزیکیشدا هەیه.

ژوونگڵ ڤۆرد: هەڵسوکەوتی گەلانی غەیری کوردی ئێران لەگەڵ ئەم جۆره سەرهەڵدانانەی کوردستان چۆنه و چۆنی دەبینن؟
هیجری: له بەشەکانی دیکەی ئێران شتێکی ئەوتۆ رووی نەدا که پێوەندیی به ناڕەزایەتییەکانی مەهابادەوه هەبێت، بەڵام له دەرەوەی ئێران و به تایبەت له ئورووپا هاوپێوەندی لەگەڵ گە‌لی کورد زۆر بوو، به تایبەت لەلایەن عەرەبەکانی ئێرانەوه. هەروەها ئەو فارسانەی که روانگەیان بۆ کورد وەک روانگەی رێژیم نییه.

ژوونگڵ ڤۆرد: پێت وایه هۆکاری به ئاکام نەگەیشتن و لاوازبوونی ئەو جۆره ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانانە بۆ ئەوه دەگەڕێتەوه که پارته کوردییەکان لێکدابڕانی زۆریان پێوه دیاره، هەر وەک رۆژنامەنووس ئامبرین زەمان لەم ماوەی پێشوودا له رۆژنامەی ئال مۆنیتۆر ئاماژەی پێدابوو؟
هیجری: راسته کەله نێوان پارته کوردییەکاندا جیاوازیی بیروڕا هەیه. بەڵام ئەگەر هاته سەر پرسگەلی نەتەوەیی بۆ نموونه پشتگیریی لەم چەشنه سەرهەڵدانانەی کوردستان، ئێدی ئەو جیاوازییانه وەلا دەنرێن و یەکدەنگین. کێشەکه ئەوەیه که سەرهەڵدانی خەڵک له ئێران بە جۆرێک سەرکوت دەکرێت، که تەنانەت هێنانە بەرچاویشی زەحمەته. بەشداری له ناڕەزایەتی دەربڕینێک له ئێراندا دەتوانێ ببێته هۆی گیران و ئەشکەنجه و زیندانیی درێژخایەن. لێرە دایه که زۆر جار ئەو دەنگه ناڕازییانه زوو کپ دەکرێنەوه. له بەر ئەوەش زۆربەی جار بەشێکی کەم له خەڵک ئامادەی ئەو جۆره خوپێشاندانانه دەبێت، کۆنترۆڵیشیان ئاسانتره.

ژوونگڵ ڤۆرد: پێوەندیی حێزبی ئێوه لەگەڵ پژاک کەله ماوەی پێشوودا رۆڵیان له عێراق بینی و وەک به هێزترین پارتی ئێران باسیان دەکرێت، چییه؟
هیجری: پژاک بەشێکه له پ‌ک‌ک. ئەندامەکانی هەمان ئەندامی پەکەکەن. پژاک هێڵی سیاسیی خۆی نییه و له باری سیاسی و تەنانەت ئابووریشەوه بەستراوەتەوه به پارتی کرێکارانی کوردستانەوه. ئێمه پژاک وەک پارتێکی سەربەخۆ نابینین.

ژوونگڵ ڤۆرد: قەیران و کێشەکانی ئێستای عێراق و سووریه چ کاریگەرییەکیان لەسەر ئێران هەیه؟ حیزبەکە‌ی ئێوه لە کوێی ئەم قەیرانە دایه؟
هیجری: کێشەکانی عێراق و سووریه له راستیدا کێشەی ئێتنیکی و ئایینیی نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکانه و رێژیمی ئێرانیش هەموو هەوڵی پەرەپێدان بەم قەیرانانه و نەهێشتنی سوباتی سیاسی و بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەیە. هەتا ئێستا ئەم سیاسەتەی رێژیم وڵامدەر بووه و هەوڵەکانی بوونەته هۆی ناسەقامگیری له ناوچەکەدا. بارە‌گای سەرەکیی حیزبی ئێمه له باشووری کوردستانه. لەسەر داوای حکوومەتی هەرێم ئێمه پێشمەرگەمان بۆ بەرەکانی شەڕ بەڕێ کردن. دواتریش هەر لەسەر داوای ئەوانه کشاندماننەوه. ئەگەر هەرکاتێکی دیکەش پێویستیان به هاوکاری ئێمه بێت، ئامادەین.

ژوونگڵ ڤۆرد: بڕێک کات ئێران وەک پارتنێر بۆ شەڕی دژ به داعش ناو دەبرێت؟!
هیجری: ئێران نەک ناتوانێت وەک پارتنێر له شەڕی دژ به داعش تەماشا بکرێت، بەڵکوو به پێچەوانەیه. هەر پاش ئەوەی گرووپێک له ئەلقاعیده جیا بوونەوه و داعشیان پێک هێنا، ئێران لەگەڵ سووریه وحیزبوڵڵا و ئەم گرووپه کەوته هاوکاری. ئەم رێکخراوه پشتگیری تەواوی لێکرا. تەنانەت سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، نووری مالیکیش لەم پشتگیرییەدا بەشدار بوو. داگیرکرانی مووسڵ بۆ ئەمه بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگره. مووسڵ و دەوروبەری له راستیدا رادەستی داعش کران و پێویستی نەکرد داعش به شەڕ مووسڵ بگرێت. سپای عێراق پاشەکشەی کرد و به ئەنقەست هەموو کەرەستەکانیان لەوێ به جێ هێشت. ئەم رادەستکردنەی مووسڵ، پلانێکی نێوان رێژیمی ئێران و مالیکی بوو. له دوو مانگی رابردوودا دەرکەوت که داعش له باری کەرەستەی شەڕەوه لاواز بووه. هەر پاش ئەوه له نزیک فەلووجه داعش هێرشێکی کرد که سپای عێراق دیسان پاشەکشەی کرد و جاریکی دیکە هەموو کەرەستەکەیان به جێهێشت بۆ داعش. بۆیه داعش دیسان چەکی پێویستی دەست کەوت، تاکوو بتوانێت درێژه به کارەکانی بدات.

ئەمانه ناکرێت به رێکەوت بن. هەتا ئێستا تە‌نیا ناوچه سوننەنشینەکان کەوتوونەته بەر هێرشی داعش. تەنانەت هەوڵیشیان نەداوه هێرش بکەنه سەر ناوچە شیعەنشینەکان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا توانیی پێشکەوتنی بەرچاو له باری ئابووری و زۆر بواری دیکەدا به دەست بێنێت، بەڵام ئەم پێشکەوتنه بەهۆی شەڕی داعش له ئێستادا وەستاوه. لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێم زیاتر له ساڵێک بوودجەی لەلایەن عێراقەوه به تەواوی پێ نادرێت. زیاتر له یەک میلیۆن و نیو ئاواره لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوه بەخێو دەکرێن. له لایەکی دیکەوه رێژیمی ئێران به هیچ جۆرێک نایهەوێت کوردستانێکی سەربەخۆ له سنوورەکانیدا هەبێت. هەر بۆیەش کوردیان تووشی شەری داعش کرد. میلیشیای شیعه پێکهێنراون که لەلایەن ئێرانەوه پشتگیریی سەربازی و ماڵی دەکرێن. لێرەدا زیاتر مەبەستیان سوننەکانی عێراقه. وێرانی لە ناوچە سوننەکاندا لەوپەڕی خۆی دایه و ساڵانێکی زوری دەوێ هەتا ئاسەواری شەڕ لەو ناوچانه نەمێنێت و وەک خۆیان لێ بێتەوه. تکریت نموونەیەکی زیندووه بۆ ئەم باسه. پاش ئەو وێرانکارییەی له تکریت رووی دا، خەڵکی ئەنبار نەیانویست ئەو میلیشیایەی سەربه ئێران بچێته ناوچەکەیان، وتیان خۆیان بەرگری له خۆیان دەکەن. لەوێش سپای عێراق پاشەکشەی پێ کرا و دواتریش حکوومەت رایگەیاند که کێشەی ئە‌نباریش هەر له رێگای میلیشیای شیعەوه چارەسەر دەکرێت. ئەمەش هەمان ئاکامی دەبێت وەک له تکریت. ئامانجی رێژیمی ئێران مانەوەی هەرچی زیاتری داعشه له ناوچەکەدا. له رێگای داعشه ئێران دەتوانێت دوو لایەن کۆنترۆل بکات، کورد و سوننەکان.

ژوونگڵ ڤۆرد: باوەڕتان وایه کەله رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشەیەکی گەوره به ناوی کێشەی سوننه – شیعه هەیە؟
هیجری: ئەم کێشەیه هەبووه و ئێستاش هەیه و دەشمێنێت. رێژیمی ئێران لەم قەیرانەدا رۆلی سەرەکی دەگێڕێت. له لایەکەوه قەیران دەخۆلقێنێت، لەلایەکی دیکەوه ئامادەیی خۆی بو هاریکاری دەردەبڕێت.

ژوونگڵ ڤۆرد: دانووستان لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران، چون هەڵدەسەنگێنن؟
هیجری: من پێم وایه رێککەوتن دەکرێت. ئێران پێویستی بەو رێککەوتنەکەیه تاکوو به نەمانی گەمارۆکان، دیسان بتوانێت ئەو هێزه ئابوورییەی هەبێت که بۆ پەرەپێدانی سیاسەتەکانی له ناوچەکەدا پێوسیتیەتی. پشتگیریی رێژیمی ئێران بۆ هاوپەیمانەکانی له عێراق، سووریه، لوبنان و ئێستاش یەمەن خەرجی زۆره. بەڵام دەبێ بڵێم کەلە بارەی وەستاندنی ئامانجەکانی رێژیم بۆ دەستپێڕاگەیشتن به چەکی ناوکی، ئەم رێژیمه جێگای باوەڕ نییه. رێژیم دەیهەوێت دەستی به چەکی ناوکی رابگات. ئەگەر وەک تاکتیکیش ئەم هەوڵانەی کورتخایەن بوەستێنێت.

ژوونگڵ ڤۆرد: سیاسەتەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی له پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا دەتوانێت کاریگەری لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا هەبێت؟
هیجری: هەتا ئێستا نەمانبینیوه که وڵاتانی رۆژئاوایی له بەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، یان سەرکوتی کەمایەتییەکان له ئێراندا گەمارۆی کاریگەر بخاته سەر ئەو رێژیمه. وەک داواکاری مەترەح دەکرێت، بەڵام رێژیم گوێ ناداته ئەم داواکارییانه. رێژیم یاسای مافی مرۆڤی تایبەت به خۆی هەیه و گوێ ناداته یاسا نێونەتەوەیی‌یەکانی مافی مرۆڤ. بەڵام ئەگەر گۆشاری راستەقینەی لەسەر بێت، دەتوانێت کاریگەریی هەبێت.

ژوونگڵ ڤۆرد: له ماوەی حکوومەتی روحانیدا دۆخی مافی مرۆڤ باشتر بووه؟ 
هیجری: روحانی ساڵانێکی زۆر چەندین پۆستی حکوومەتیی گرینگی به دەستەوه بووه و سەبارەت به پرسی کورد هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیکەی ئێران نییه. له هەمان کاتدا دە‌وڵەتەکان له ئێراندا دەسەڵاتێکی راستیان نییه. سەرکۆمار هەڵدەبژێردێت، هەرچەند هەڵبژاردنەکانیش ئازادانه نین، بەڵام دەوڵەت و پارلمان له ئێراندا کاریگەریی راستەقینەیان لەسەر داڕشتنی سیاسەتی وڵاتدا نییه. له راستیدا سیاسەتەکانی رێژیم لەلایەن عەلی خامنەیی‌یەوه دیاری دەکرێن. کاربەدەستی جۆراوجۆر دێن و دەڕۆن، بەڵام سیاسەتەکان هەمان سیاسەتن که خامنەیی دیاری کردوون. ئاڵوگۆڕ تەنیا کاتێک له سیاسەتدا دێتە ئاراوه، که رێبەری رێژیم بیهەوێت.