کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیلال ئەحمەری شاری بێجنوورد، ئەنبارەکانی خۆی دەکاتە کافتریا

13:07 - 6 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی هیلال ئەحمەری ڕێژیم لە شاری بێجنوورد، لە هەوڵێکی نائاساییدا، ئەنبارەکانی ئەم ناوەندەیان کردووەتە قاوەخانە و کافتریا، تاکوو لەم ڕیگەوە داهاتێک بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شاری بێجنووردی پارێزگای خۆراساندا، بەرپرسانی هیلال ئەحمەری ڕێژیم لە کردەوەیەکی نائاساییدا، ئەنبارە گەورەکانی ئەم ناوەندەیان کردووەتە شوێنێک بۆ بەکارهێنانی دۆخانیات و لەم ڕێگەوە پارە بە دەست دێنن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم ئەنبارانە تەنیا دەبێ لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکانی وەک لافاو، بوومەلەرزە و ڕووداوە سروشتیەکاندا کەڵکیان لێ وەربگیردرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەمبارەوە رایگەیاندووە: "ئێمە ئەم ئەنبارانەمان لە ڕیککەوتنێکی دووساڵەدا واژۆ کردووە و "مورتەزا سەلیمی"، بەرپرسی هیلال ئەحمەری شاری بێجنوورد، لەم باسە ئاگادار بووە".

لاوانی خۆراسان بەهۆی نەبوونی شوێنی گەشتیاری و شەپۆلی بێکاری و بەمەبەستی تێپەڕکردنی کاتەکانیان، ڕوو لە شوێنگەلێک دەکەن کە جگەرە، نێرگەلە و جۆرەکانی دیکە لە دۆخانیاتی تێدا بێت کە ڕێژیم لە زۆربەی ئەم شوێنانەدا، دەستی بە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەریش کردووە.

هیلال ئەحمەری ڕێژیم لەم پارێزگایەدا لە دژکردەوەی یەکێک لە هەواڵدەرییەکاندا بەنیسبەت گۆڕینی ئەنبارەکان بۆ کافتریا و قاوەخانە و لە چەواشەکارییەکدا باسی لەوە کردووە کە هیلال ئەحمەر بەپێی ئەزموونی خۆی لە بواری خزمەتگوزاریدا و هەروەها دیاریکردنی ستراتیژیی گواستنەوەی ناوەندە یارمەتیدەرەکان بۆ دەرەوەی شارەکان و بە مەبەستی خزمەتگوزاری خێراتر لە ڕووداوەکاندا ئەم کارەی ئەنجام داوە.