کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیلالی شێعیی ڕێژیمی ئێران تێک دەشکێندرێت

12:38 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: هیلالی شێعیی ڕێژیمی ئێران، کە یەکێک لە بیرۆکەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەسبەسەرداگرتنی جیهانی ئیسلامە، هەڕەشەی لەنێوبردنی لێ کرا.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ زیادكردنی ده‌سه‌ڵاتیان بەتایبەت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، له‌ وڵاتانی عێراق، سووریه، لوبنان، یه‌مه‌ن، به‌حره‌ین و غه‌زه‌دا، بە چڕوپڕی لە هەوڵی پێکهێنانی‌ هیلالی شێعه‌دا بوون.

ڕێژیمی ئێران بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٤دا لە دوای هاتنی داعش بە هاوكاریی حەشدی شەعبی،  جموجووڵەكانی بۆ پێكەوە گرێدانی عێراق و سووریه توندوتۆڵتر كرد و لە دەوروبەری شەنگال دەستی داوەتە هێرشكردن.

ڕێژیمی ئێران بە هێرشکردن بۆ سەر چیای شەنگال مەبەستی ئەوە بووە، ئەو شوێنە ستراتژیکییە بگرێت و شوێنی هاتووچۆی خۆی لە دوو وڵاتی سووریە و عێراقدا بکاتەوە.

 

چیاى شەنگال دەکەوێتە سنوورى نێوان عێراق و سووریەوە، ٧٩ کیلۆمیتر درێژە و زیاتر لە یەک هەزار و ٤٠٠ مەتر بەرزە، هەروەها  لە ڕووى سەربازیی و لۆجستیکییەوە لە دێرزەمانەوە بە چیاییەکى سەخت و ستراتیژی ناسراوە.

لە دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، ڕێژیمی ئێران هەوڵی زۆری دا، گرووپە تێرۆریستییەکانی نزیک لە خۆی وەک حەشدی شەعبی بگەیەنێتە سەر چیای شەنگال و لووتکەی "چل مێرا"، بەڵام هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بە هۆی هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکانەوە سەرکەوتوو نەبوو.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزێکی زۆری سەربازییی ئامریکا، لە چیای شەنگال جێگیر بوونە کە ئەوەش سەرەتاییەکە بۆ تێکشکاندنی خەونی هیلالی شێعیی ڕێژیمی ئێران.

شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن، ئامریکا بە کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناوکی و گوشاری ئابووری، لە هەوڵدایە هێژموونی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز بکات و ئەگەر پێویست بێت ڕێگای دیکەش بۆ پاشەکشە بە ڕێژیمی ئێران بگرێتەبەر، کە بە شێوەیەکی دیکە خەونی ڕێژیمی ئێران بۆ گەیشتن بە هیلالی شێعە تێک دەشکێنێت.

هیلالی شێعی هەر چەند چەمکێکە، کە لە لایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دانەهێنراوە، بەڵكوو بە شێوەیەکی دیکە باس لەوە دەکات، لە ساڵی ٢٠٠٤ی زایینییەوە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و باڵادەستیی شێعە لە عێراقدا بە هاوکاریی ڕێژیمی ئێران وەك قووڵاییی ستراتیژی دەستنیشان كراوە و هێزی تێرۆریستیی قودسی سپای پاسداران ئەرکدار کرا لە تارانەوە رێگەیەكی وشكانی بكەنەوە کە بە عێراقدا تێ بپەڕێت و لەوێشدا بە سووریەدا بچێتەوە لوبنان.

هیلالی شێعی لە باشووری ئێرانەوە بە سنووری ئەهوازدا بە بەسرە، كەربەلا، نەجەف، بەغدا و ڕۆژئاوای مووسڵدا تێ دەپەڕێت و لە سووریەوە بە باشووری پارێزگای دێرەلزووردا دەڕوات و بە باكووری دیمەشقدا دەچێتەوە نێو لوبنانەوە.