کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیوا مەریەمی ئەندامی داعش لە سووریە کوژرا

14:14 - 6 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: هیوا مەریەمی ئەندامی ڕێکخروای تیرۆریستیی داعش کە بۆ شەڕ چووبووە سووریە، لە تێکهەڵچوونەکانی ئەو وڵاتەدا کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، هیوا مەریەمی خەڵكی شاری سەردەشت، لەدایکبووی شەڵماش لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆکەکانی ڕووسیە کوژراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتر دانیشتووی کانێ‌میرـی سەردەشت بووە.
کەس و کاری هیوا مەریەمی ڕایانگەیاندووە کە هیوا وەرزی بەهاری ئەمساڵ چووەتە ناو داعش و لەو گرووپە جیهادییە شەڕی کردووە.

هەتا ئێستا چەندین هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوونەتە ناو ڕیزەکانی داعش و کوژراون.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیش، سێ لاوی کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز و نەغەدە کە لەژێر ناوی هیجرەت و جیهاد چووبوونە ناو داعش، لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای عێراق، کوژران.

ڕێژیمی ئێران وەکوو هاوپەیمانی نهێنی داعش، هاوکاریی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەکات و لەو پێوەندییەش‌دا لاوانی کوردستان بە وادە و بەڵێنی بۆ مەرامەکانی خۆی بەکار دێنێت.

هەتا ئێستا چەندین جار وڵاتانی عەرەبی، یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا لەهەمبەر دەستێوەردانی نیزامیی ڕێژیمی ئیران لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا و پاڵپشتیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێران حەوتوویەک لەمەوبەر ‌هێزی نیزامیی ڕەوانەی سووریە کردووە.