کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هیچ ستانداردێک لە ئێراندا بوونی نییە

11:40 - 17 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەی کە بەرهەمهێنانی کاڵا لە ئێراندا هیچ ستانداردێکی نییە، چاوەدێری بەسەر ستانداردبوونی کاڵاکانیش خۆی ستاندارد نییە.

''مەسعوود پزشکیان''، جێگری سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "سەرەڕای تایبەتمەندیی شتومەکەکان، چاوەدێری بەسەر ستانداردبوونی کاڵاکان، ستاندارد نییە".

ناوبراو لە پەراوێزی ڕۆژی جیهانیی ستاندارد باسی لەوە کردووە: "لە ئەگەری لەبەرچاونەگرتنی ستانداردەکان، بازاڕەکانی دەرەوە لەدەست دەدەین. هەروەها پێشتر هەندێک کەس بۆ ئەوەی کە سوودێکی زیاتر بەدەست بهێنن، کاڵاگەلێکی بێنرخیان هەناردە کردووە و بەهۆیەوە بازاڕەکانی دەرەوەمان لەدەست داوە".

ئەم قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە زۆربەی ئەو کاڵایانەی کە لە نێوخۆی ئێرانەوە بەرهەم دێت، نەتەنیا لە بازاڕەکانی دەرەوەدا هێچ بایەخێکیان نییە، تەنانەت لە نێوخۆی ئێرانیشدا لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییەکیان لێ ناکرێت.

زۆربەی ئەم کاڵایانەی کە لە ئێراندا بەرهەم دێت، بەپێی ستانداردە جیهانییەکانەوە هیچ کواڵێتی و ئیمەنییەکیان نییە و تەنانەت مەترسیشیان بۆ سەر گیانی خەڵک دروست کردووە.

بەهۆی گەندەڵی و دزی کە  باڵی بەسەر سیستمی ڕێژیمی ئێراندا کێشاوە و بەرپرسانی خودی ئەو ڕێژیمەش کە دانیان بەوەدا ناوە، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ستانداردی بەرهەمەکانی ئیران دادەبەزێت.