کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا مەحکووم دەکرێت

11:47 - 18 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وڵاتانی جیهان، لایەنە سیاسییەکان، هونەرمەندان و سیاسەتوانان، هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا مەحکووم دەکەن.

- ئوسترالیا

"سکۆت مۆریسن"، سەرۆکوەزیرانی ئوسرالیا ڕایگەیاندووە: "چوونی تورکیه بۆ سووریا نیگەرانی کردووین و ئەم ڕەفتارانە مەترسی بۆ سەر ئەمنییەت و پارێزراویی کورد و دەرکەوتنەوەی داعش لە ناوچەکە دروست کردووە". 

- بریتانیا

سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی بریتانیا ڕایگەیاند: "هێرشەکانی تورکیه بۆ سەر کورد، بە قووڵی نیگەرانی کردووم".

"جێرمی کۆربین"، سەرۆکی پارتی کاری بریتانیا کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەیە لە توویتێکدا نووسیوویەتی: "بە قووڵی نیگەرانی هێرشە نیزامییەکانی تورکیه بۆ سەر ناوچە کوردییەکان لە باکووری سووریەم. پێویستە هەموو هێزە بیانییەکان لە سووریه بکشێنەوە و نەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی گرژییەکان لەو ناوچەیە".

"فێدریکا مۆگرینی"، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە کاردانەوەی هێرشەکانی سەر کوردستانی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند: "هێرشەکانی تورکیه بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریه، لاپەڕەیەکی نوێی دراماتیکی لە مێژووی تاریکی شەڕی سووریه دەکاتەوە".

- ئامریکا

"پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا وتی: "هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا بە چرا سەوزی ئێمە نەبووە و ئیدانەی هێرشی تورکیە دەکەین".

"لیندزی گراهام"، سیناتۆری کۆماریخوازەکانی ئامریکا داوای ئەوەی کردووە کە نابێ کورد له کوردستانی ڕۆژئاوا پشتی لێ بکرێت.

"جۆ بایدن"، سیناتۆر و کاندید بۆ سەرۆکایەتیی ئامریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی داهاتوو، لە تویتێکدا نیگەرانیی خۆی لەبارەی هێرشی تورکیه بۆ سەر هێزە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا دەربڕیوە.

- ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران داوای ڕاگرتنی شەڕ و وازهێنان لە سیاسەتی هەڕەشە و هێرش و ئامانجگرتنی خاک و خەڵکی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌کات و پێیان وایه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی كورد له‌ هیچ كام له‌ به‌شه‌كانی له‌ ڕێگای توندوتیژی و هێرشی چه‌كداری و نیزامی چاره‌سه‌ر ناكرێت و بگره‌ ڕێگه‌ چاره‌سه‌ره‌ سیاسییه‌كانیش كوێر ده‌كاته‌وه‌.

- میسر

دەوڵەتی میسر هێرشی تورکیەی بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا مەحکووم کردووە و پشتیوانییان لە کوردستانی ڕۆژئاوا کردووە.

- فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا

فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا لەبارەی کوردستانی ڕۆژئاوا دوای کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەت دەکەن.

سەرۆککۆماریی پێشووی فەرانسە کە ساڵی ۲۰۱٥ بڕیاری دا فڕۆکە لە دژی داعش لە ئاسمانی سووریە بەکار بێنێت، داوای دژکردەوەی خێرا بۆ وەستانی هێرش و پەلاماری دەوڵەتی تورکیەی بۆ سەر کوردەکان کرد.

- عەرەبستان

دەوڵەتی عەرەبستان، هێرشی تورکیەی بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا مەحکووم کردووە.