کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەردەوامە

12:03 - 22 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریەدا بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سووریە، شەوی هەینی ۲۱ی بەفرانبار، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، چەندین مۆڵگەی هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانیان لە دەروبەری فڕۆکەخانی نێودەوڵەتیی شاری دمشق پێتەختی سووریە کردووەتە ئامانجی ڕاکێتەکانی خۆیان و لە ئاکامدا ئەنبارەکانی چەک و تەقەمەنیی هێزە ئاژاوەگێڕەکانی ڕێژیمی ئێران، لە نێو دەچێت.

لەم بارەوە وتەبێژی ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە، کە بنکەکەی لە شاری "لەندەنـ"ـی پێتەختی وڵاتی "بریتانیا"یە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئەلحەدیس" ڕایگەیاند: هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاری دمشق، دەوربەری باکووری ڕۆژئاوای شاری دمشق و ناوچەکانی تریان کردووەتە ئامانج و لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا ئەنبارێکی گرینگی چەک و تەقەمەنیی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بەتەواوەتی لە نێو چووە.

ناوبرا لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرایشی کرد، کە شوێنگەلێکی گەورەتر لە ناوچەی ئەلکەسرە و ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای دمشق کراونەتە ئامانج، کە زۆرترین ئەنباری چەک و تەقەمەنی و هێزی ڕێژیم ئێران و حیزبوڵای لوبنانی لێیە.

ئیسرائیل لە دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٢١١ جار هێز و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کردووەتە ئامانج، تاکوو ئێستا ڕێژیم وێڕای بەردەوام هەڕەشەکردن بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل، لە بەرانبەر هێرشەکاندا بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ دژەکردەوەیەکی گوتاری یان کردەوەیی نەبووە.