کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران هێرشیان کردە سەر کۆڵبەران

18:33 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی لە بەرزاییەکانی "کێلەشین" لە شاری شنۆ بریندار بوون.

شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی  ١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی "کێلەشین" سەر بە شاری شنۆ، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی سپای تێرۆرسیتی پاسداران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "ش.ج" تەمەن ٣٢ ساڵ و "ش.ی" تەمەن ٢٨ ساڵ بە سەختی بریندار بوون.

ئاژانسی "کوردپا" بڵاوی کردووەتەوە، ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، کە گوللە بە سێنگ و لاقیان کەوتووە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران لە هەرێمی کوردستان کراون و دواتر "ش.ج" بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ ناوەندەی دەرمانی شاری هەولێر گوێزرایەوە.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، هەنوکە لەژێر چاوەدێری پزیشکی دان و دۆخی تەندروستیان جێگیر ڕاگەیاندراوە.

نزیکانی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە: "لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ناوی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، ئەگەری دەسبەسەرکرانی ئەوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هەیە".