کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، تەقەیان لە کاروانچییەکان کرد

21:47 - 20 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، لە سەر سنووری شاری پیرانشار، تەقەیان لە کاروانچییەکان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەر سنووری کونەڕێ، سەر بە شاری پیرانشار، هێرشیان کردۆتە سەر کاروانچییەکان و تەقەیان لێ کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم ناوچە، ڕایگەیاندووە کە کاروانچییەکان لەم بەشە لە سنووردا کەوتوونەتە بەر پەلاماری هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و لەم ڕووداوەدا یەک کەس لە کاروانچییەکان بە ناوی نەجمەدین قادرپوور کوڕی شێخ محەممەد مەشکانی کەوتووەتە بەر گوللەی هێزەکانی ڕێژیم و بە توندی بریندار بووە.

بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵانە، کە بۆ بژیوی ژیانی خۆی، ڕووی لە کۆڵبەری کردووە، بەڵام لەم ڕووداوەدا کەوتووەتە بەر هێرش و پەلاماری ‌هێزەکانی ڕێژیم و بەتوندی بریندار بووە و ئێستاش باری تەندرووستی باش نیە و لەکۆمادا بەسەر دەبات .

لە ناوچە کوردنشینەکان، بە هۆی نەبوونی کار و بێکاریی گەنجان و دواکەوتوویی ئابووری و گوزەرانی بژیوی ژیانیان، ڕوو لەو کارە مەترسیدارە دەکەن.

جێی باسە ڕێژیمی ئێران لە هەر ڕێگایەک بۆ سەرکوت و ئەشکەنجە و ئازاری ڕۆحیی خەڵک لە ناوچە کوردنشینەکان کەڵک وەردەگرێت و چەند ساڵێکە لە سەر سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێگری لە کۆڵبەران و کاروانچییەکانی کورد دەکات و ئەم نەفەراتە دەداتە بەر هێرش و گوللەی زۆرداریی خۆی.