کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ڕێژیم تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە

14:17 - 11 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە درێژەی هێرش بۆ سەر خەڵکی کوردستان، تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و ژمارەیەک کۆڵبەریان بریندار کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ٨ی بەیانی، لە گوندەکانی دزڵی و دەرەکی سەر بە هەورامانی ڕۆژهەڵات هێزەکانی ڕێژیم تەقیان لە کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەران پەنایان بۆ نێو گوند بردووە و هێزەکانی ڕێژیمیش هەڵیانکوتاوەتە سەر خەڵکی گوند و چەند کەسیان بریندار کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە، کە هێزێکی زۆری ڕێژیم ڕژاونەتە نێو گوندە و ڕێگای هاتووچۆی ئەو گوندەیان بەستووە.
هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، سێ کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەی سۆما و برادۆست سەر بە شاری ورمێ، لە سنووری نێوان ورمێ و وڵاتی تورکیە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم پێکران.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک کۆڵبەر بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم لە کوردستان کوژرا و بریندار بوون.