کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێنانی کرێکارانی ئەفغانی بۆ پارێزگای کرماشان کە خۆی بێکارترین پارێزگایە

22:48 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: خاونکارەکانی پارێزگای کرماشان، کرێکاری خۆجیی وەرناگرن و دەستیان داوەتە هێنانی کرێکاری ئەفغانی بۆ ئەو پارێزگایە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، کارفەرماکانی (خاوەنکار) پارێزگای کرماشان، لە کەرتی پیشەییی کشتوکاڵدا، لە جیاتی وەرگرتنی کرێکاری خۆجیی، کرێکاری ئەفغانیان هێناوە بۆ کارکردن و بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان لەو بواردەدا بێدەنگن.

پارێزگای کرماشان، کە لە ڕێژەی بێکاریدا پلەی یەکەمی لە ئێراندا هەیە و ئەو دیاردەیە لەو پارێزگایە لە ئاستی قەیرانییە، بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی ئەوەی بیر لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بکەن، کرێکاری ئەفغانیان بۆ کارکردن هێناوە.

سەرەڕای ئەوەی کە مووچەی کرێکارانی خۆجیی لە پارێزگای کرماشاندا بە هۆی کەمی کار زۆر لە خوارە، بەڵام خاونکارەکان بە هێنانی کرێکاری ئەفغانی، دەیانەوێت بە کەمترین تێچوو کارەکانیان جێبەجی ببێت و گرنگی بە یاسای کار نادەن.

بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆنی ڕێکخستنی کەسانی بیانی لە ئێراندا، کارپێدان بە کرێکارانی ئەفغانی لە شارەکانی ڕۆژئاوای ئێراندا قەدەغەیە و بەپێی یاسای کار، هەر خاوەنکارێک لەو شارانە کرێکاری دەرەکی وەربگرێت، سزای نەختی و تەنانەت زیندانیش بە دوادا هەیە.

بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان، لە بەرامبەری پێشێلکردنی ئەو یاسایە بێدەنگن و شەهبازی بەرپرسی ڕێکخراوی جەهاد کشاوەرزی وتوویەتی: کرێکاری ئەفغانی ڕێگەی پێ نادرێت لە پارێزگای کرماشان کار بکات و تەنیا لە ڕێگەی باڵوێزخانەکان یان پارێزگاری دەتوانن مۆڵەت وەربگرن.

بەرپرسانی ڕێژیم، بۆ خۆیان دەستیان هەیە لە هێنانی کرێکارانی ئەفغانی بۆ پارێزگای کرماشان و پێشتریش هەوڵیان دابوو، کە بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە کرێکاری ئەفغانی کەڵک وەربگرن کە بە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک سەری نەگرت.

ئەو بەشە لاوازە کارییە وەکوو هەندێک لە کارخانەکان و شیرکەتەکان لەو پارێزگایە کە چالاکە، زۆرترین کرێکارانی ئەو پارێزگایە لە شارەکانی دیکەی ئێران هاتوون و هێزی کاری کرماشان کەمترین دەوریان هەیە، لە ئیدارەکانی ڕێژیمیش زۆرترین کارمەندەکان فارسن.