کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢٩٩ هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی پارێزگای سنە لە ئاگردا سووتاون

13:30 - 28 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٢٩٩ هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی پارێزگای سنە بوونەتە قوربانیی ئاگرکەوتنەوەکان، کە لە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو، ٣ بەرابەر بەرز بووەتەوە.

''سەعدی نەقشبەندی''، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پاڕێزگای سنە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خەرمانان، باسی لەوە کرد کە لە کۆتایی مانگی جۆزەردان تا ئێستا، ٢٣٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەم پارێزگایەدا ڕوویداوە.

بەپێی وتەی ئەم بەرپرسەی ڕیژیم، لە کۆی ئەم ئاگرکەوتنەوانە لە پاریزگای سنەدا، ٢٨٩ هێکتار لە دارستانە سروشتییەکان و ٢ هەزار و ١٠ هێکتار لە لەوەڕگەکان سووتاون و ئەوەی تریش باخ و مەزراکانی خەڵک بووە.

لە حاڵێکدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لە سووتان و لەنێوچوونی دارستانەکانی کوردستان دەکەن، بەڵام هیچ هەوڵێکی جیددییان بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرانە نەداوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەموو ساڵێک ڕێژیمی ئێران،  بۆ تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستان و بڕین و سووتاندنی دارستانەکانی زاگرۆس، بە کەڵک وەرگەتن لە مۆرەکانی خۆیەوە، ئەم پیلانە نگریسەی دەباتە پێش.