کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێڵە گومکێ

13:04 - 14 پووشپەڕ 2719

عەدنان قادری

کۆماری ئیسلامی وەکوو هەموو ڕێژیمە دیکتاتۆر و خوێنمژەکان، لە ڕاستای درێژەدان بە تەمەنی پڕ لە نەهامەتی خۆیدا بە هەموو شێوازێک دژ بە خەڵک و نەتەوەکانی ئێران پیلان دەگێڕێت. لە سەرکوت و کوشتن و سێدارەوە بگرە تا تیرۆری فەرهەنگی وکەسایەتی و سڕینەوە، شێواندنی سروشت و کولتور و زمان و داب و نەریت، پەراوێزخستن و نان بڕین و ڕاونان و بێبەش کردنی کەسایەتییە خۆشناو و نەتەوەیی و ڕۆشنفکر و خاوەن بەهرەکان، دزینی ئاسەواری ناوچەی نەتەوە ستەملێکراوەکان، تاڵان و دزینی سامانە سروشتی و ژێرزەوینییەکان، شێواندنی سیمای ناوچە دڵڕفێنەکان؛ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی، بەگژدادانی لایەنەکانی ئەو بەشانەی وەکوو بەرهەڵەست دژ بەو ڕێژیمە دژ مرۆڤایەتیەن، بێڕێزی بە کولتور و زمان و جلوبەرگیان، تەرخانکردنی پوڵ لە سەرمایە و سامانی ئەو ستەملێکراوانە دژ بە خۆیان لە ڕێگای ڕاگەیاندن و تەلەویزیۆن، بە هەموو شێوازێک؛ کوردی وتەنی( ئاو لە بنچینەی ماڵمان دەر دێنێت) ئەمانەو هەزاران پیلانی دیکە دەریدەخەن کە ئەو ڕێژیمە مانەوەی خۆی لە کوردستان بە میوان و کاتی دەزانێت، بۆیە بە هەموو پێوەرەکان کۆماری ئیسلامی و داگیرکەرانی کوردستان  شیاویی و سەلاحیەتی ئەوەیان نییە و نابێت کەسایەتییە ناودار و خۆشناوەکانمان دەسنیشان بکەن. بێ دوودڵی ئێمە وئەوانیش دەزانین لە پشتی ئەو کارەوە چی هەیە و ئامانجەکانی بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات.

وەکوو پیشەی دەغەڵ سفەتانەی خۆیان ئەمجارەش بە ناو کۆنگرە و ڕێزلێنان گوایە لە گەورەپیاوان، بە جوانی دیارە کە  بێزاری و رقیان لە گەلەکەمان نەتوانیوە بشارنەوە.

بە دڵنیایەوە گەلی کورد دەیان و هەزاران ژنی ئازا و بە جەرگ و لێهاتوو و خاوەن ناوی هەیە، خێرە لەو کۆنگرەیەدا یەک ژنی لێ نەبینرا؟

جا  هێڵە  گومکێکە لێرەدایە:

هەموو جارێک بۆ بەلاڕێدابردن و چەواشەکاری لەگەڵ شۆڕشگێڕان و کەسایەتییە نەتەوەییەکان بە تایبەت لە ناوخۆ، چەند کەسێکی کاسەلێسی خۆیان بە ڕواڵەتی دەسگیر دەکرد و چەند ڕۆژێک لە بەند دەیانهێشتنەوە بۆ ئەوەی بیکەن بە خۆشناو؛ گوایا نەتەوەیی و دژبەری داگیرکەرانە، بەڵام هەر زوو خەڵکی چاوکراوەی کوردستان پێیان دەزانین و ڕیسوا دەبوون.

ئەمجارەش بە کۆکردنەوە و بانگهێشتکردنی چەند کەسێک بە عەقڵیەتی خۆیان هەڵیان تۆقێنن و بیانکەن بە خۆشەویستی خەڵک و چەواشەکاری خۆیانی پێبکەن. لەگەڵ ئەم ناکوردانەدا چەند کوردی خۆشناو و خۆشەویستی خەڵکیش بانگ دەکەن، یەکەم بۆ ناوزڕاندیان و دووهەم بۆ مەشروعیەتدان بە پیلانەکەیان.

خەڵکی بە شەرەفی کوردستان بە تایبەت لاوان و ڕۆشنبیران هەر زوو بەم پیلانەیان زانی و ئەمجارەش وەکو جاران دەستیان لە هەوانەی خاڵی دەرچوو و سووکتر و ڕسواتر بوون، خەڵکی کوردستان هێڵی خوار چاک دەناسن، کڵاوی ناحەزان ناڕواتە سەریان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.