کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر جۆرە سەرمایەدانانێک لە ئێران، مەترسیدارە

12:02 - 28 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی بانکی سەرمایەدانانی ئۆرووپا هۆشداری داوە، کە سەرمایەدانان لە ئێراندا مەترسیدارە.

بەرپرسی بانکی سەرمایەدانانی ئۆرووپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە کە بانکی سەرمایە لە ئەگەری سەرمایەدانان و مامەڵە کردن  لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، پێگەی جیهانی خۆی لەدەست دەدات، هەربۆیە بە باشتری دەزانێت کە هیچ‎ جۆرە مامەڵە و سەرمایەدانانێک لەگەڵ ئەو ڕێژیمە ئەنجام نەدات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ڕۆیتێرز، ڤۆرنێر هۆیر، بەرپرسی بانکی سەرمایەی ئۆرووپا لە پرێسکۆنفرانسێکدا، رایگەیاندووە: "ئەگەرچی یەکیەتی ئۆرووپا بڕیاری داوە تا لە رێککەوتننامەی بەرجام بمێنێتەوە بەڵام ئێران وڵاتێک نییە کە ئێمە بتوانین لەوێ چالاکی بکەین".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، ئەم بانکە بۆ دانی وام بە وڵاتان، باڵی سەرەکی یەکیەتی ئۆرووپایە و لە ئەگەری درێژەدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، دەرفەتی دەسپێڕاگەیشتنی بە بازاڕەکانی ئامریکا دەکەوێتە مەترسییەوە و زیان دەبینێت.

بە وتەی هۆیر، ئەو بانکە هەنووکە ٥٠٠ میلیارد یۆرۆ، واتە ٥٨١ میلیارد دۆلار قەرزدارە.

ئەو قسانەی بەرپرسی بانکی سەرمایەدانانی ئۆرووپا لە حاڵێکدایە کە یەکیەتی ئۆرووپا داوای لێ کردووە تا پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران درێژە پێ بدات.