کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠ هەزار دەرچووی زانکۆ کە خاوەن پلەی دوکتوران لە ئێراندا بێکارن

11:45 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی وەزارەتی "زانست"  ڕایانگەیاندووە، کە ٢٠ هەزار دەرچووی زانکۆ کە خاوەن پلەی دکتوران لە ئێراندا کاریان نییە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣ی بەفرانبار، موجتەبا شەریعەتی نیاسەر، لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە خوێندکارانی هەڵکەوتەی زانکۆی "عیلم و سەنعەت" ڕایگەیاند، ئێستا لە ئێراندا ١٠٠ هەزار خوێندکاری دوکتورا خەریکی خوێندنن.

سەرەڕای لەسەرەوەبوونی ئاماری خوێندکارانی پلەی دوکتورا لە ئێراندا، ڕێژەی بێکاریی ئەم چینەی کۆمەڵگا زۆر لەسەرە، بە شێوەیەک بە وتەی "فەرهاد ڕەهبەر"، بەرپرسی زانکۆی ئازادی ئیسلامی، ٢٠ هەزار خوێندکاری پلەی دوکتورا لە ئێراندا بێکارن.

هەروەها ٢٢ی سەرماوەزی ئەمساڵ، "یەدوڵڵا مێهرعەلیزادە"، نوێنەری هەماهەنگیی کاروباری ئابووریی پەرەسەندنی سەرچاوە مرۆیییەکانی پارێزگای خووزستان ڕایگەیاندبوو: "نزیکەی ٣٠ هەتا ٣٥ لەسەد لە ڕێژەی ٣.٥ میلیۆنی بێکارانی ئێران لە چینی خوێندکار پێك دێن".

لە مانگی خەزڵوەری ئەمساڵیشدا، ماڵپەڕی "اقتصاد آنلاین" بڵاوی کردبووەوە، کە ٢٠٤ هەزار بێکاری خاوەن پلەی ماستەر و دوکتورا لە ئێراندا هەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیم، زۆرترین ڕێژەی خاوەنکار لە ئێراندا، لە کەسانی خاوەن پلەی دیپلۆم و "پیش زانکۆ" پێک دێن.

بەپێی ئەم ئامارانە، ڕێژەی بێکارانی خاوەن بڕوانامەی زانکۆی ٣٤ لەسەد بووە، کە بەشێکی زۆر لەم ڕێژەیە ژنان پێکی دەهێنن.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی حەز لە خوێندن، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا. کێشەئابوورییەکان، لەخواربوونی ئاستی زانستی زانکۆوەکان و حەزی بەدەستهێنانی بڕوانامە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێکاریی دەرچووانی زانکۆوەکان لە ئێراندا ڕاگەیەندراوە.