کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٧ هەزار قوتابی پارێزگای کرماشان لە خوێندن بێبەش بوونە

13:29 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەپێی ئاماری ئیدارە پەروەردەی پارێزگای کرماشان، بۆ خوێندنی ساڵەکانی (٩٦-٩٧)، ١٧ هەزار قوتابی لە خوێندن بێبەش بوونە.

مەجید یەزدانپەنا، بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای کرماشان، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: کە بۆ ساڵی خوێندنی (٩٦-٩٧)، ١٧ هەزار قوتابی ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، زۆرینەی بێبەشبووان لە خوێندن، لە گرووپی تەمەنی ٦ هەتا ١١ ساڵ، ١٢ هەتا ١٤ ساڵ و ١٥ هەتا ١٦ ساڵەن و شاری کرماشان بە ٧ هەزار و ٩٣٤ قوتابیی بێبەشکراو، زۆرترین و قەسرشیرین کەمترین قوتابی بەجێماو لە خوێندنیان هەیە و لە کۆی گشتیی بەجێماوان لە خوێندن لە پارێزگای کرماشان، ٦ هەزار و ٣٣٣ کەسیان کوڕن و ئەوانەی دیکە کچن.

یەزدانپەنا لە قسەکانیدا ئاماژەی بە هۆکاری بەجێمانی ئەو قوتابییانە لە خوێندن نەکردووە و تەنانەتیش باسی لەوە نەکردووە کە چ ڕێکاریکیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

هەژاری، نەبوونی قوتابخانە، کەمیی مامۆستا، نەبوونی ڕێگەوبان و نەبوونی دەرفەتی هاتووچۆ لە ناوچە شاخاوییەکان و ... هتد لە هۆکارەکانی بەجێمانی قوتابییانی لە خوێندن لە پارێزگای کرماشانە، کە هەژاری لە سەرکیترین هۆکارەکانە و بنەماڵەکان بە هۆی نەتوانی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن، منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش دەکەن.