کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٩ هەزار منداڵی ئێرانی ناسنامەیان نییە

17:51 - 26 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: جێگری تەعاون، کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم، باسی له هەبوونی ٤٩ هەزار منداڵی لە ئێراندا کردووە، که ناسنامەیان نییە.

ئەحمەد مەیدەری، جێگری تەعاون، کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم، لە یەکەمین کۆنگرەی "منداڵی و گەشەپێدان" لە ئەنجومەنی مافی منداڵدا باسی لەوە کردووە، که بەپێی بەدواداچوونەکان، ئێستاکە ٤٩ هەزار و ٦٠ منداڵ لە ئێراندا ناسنامەیان نییە.

زۆربەی کارناسانی کۆمەڵایەتی و حقووقی، باسیان لەوە کردووە، که هاوسەرگیریی ژنانی ئێرانی لەگەڵ پیاوانی بیانی، گەورەترین هۆکاری بێناسنامە مانەوەی هەزاران منداڵی ئێرانییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ماوەیەک پێش، عەبدولجەلیل شەهنەوازی، بەرپرسی شۆرای شاری زاهدان، ڕایگەیاندبوو: که ٥٠ هەزار کەس لەوانەی کە لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری زاهداندا نیشتەجێن، ناسنامەیان نییە.

نەتەوەکانی ئێران له دۆخێکی نالەباردا و لە ژێر گوشاری سیاسەتە فاشیستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەژین و لە زۆربەی مافە مرۆیییەکان بێبەرین.

تەرخانکردنی زۆربەی بوودجەی وڵات بۆ پارێزگا فارسزمانەکان و بەتاڵانبردنی سەرچاوە ژێرزەوینییەکان له ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و هەروەها نکۆڵیکردن لە مافە سەرەتایییەکانی نەتەوەکانی ئێران لە سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بووە.