کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠٠ هەزار کرێکاری سازێنەرانی کەرەستەی ماشین لە ئێراندا بێکار بوون

13:28 - 9 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئەنجومەنی سازێنەرانی کەرەستەکان لە ئێراندا، باسی لە بێکاربوونی نزیکەی ٣٠٠ هەزار کرێکاری ئەم کەرەتە پیشەیییە کرد.

ئارش موحبی‌نژاد، بەرپرسی ئەنجومەنی سازێنەرانی کەرەستەکانی ماشین لە ئێراندا، بە ئاماژەکردن بە بێکاربوونی ئەم ڕێژەیەی کرێکاران ڕایگەیاند: کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان، نوێنەرانی سازێنەری کەرەستەی ماشین لە ئێراندا،٤٠ دانیشتنیان لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم هەبووە، کە لە هیچ کام لەم دانیشتنانەدا بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتوون.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها ڕایگەیاند: سەرەڕای بەڵێنیی بەرپرسان هێشتا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ماڵی سازێنەرانی کەرەستە نەدراوە و دۆخی ئەم بەشە گرینگە لە پیشەی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، بەشێوەیەک کە بەم زووانە ٤٠٠ کرێکاری دیکە لەم پیشەیەدا بێکار دەبن.

موحبی‌نژاد، کێشەی ئەم سێنفەی بە نەبوونی پارەی نەخت و ماددە سەرەتایییەکان، خۆدزینەوە یان ناتواناییی سازێنەرانی ئۆتۆمبێل لە دانەوەی قەرزە دواکەوتووەکانیان، بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەکان ڕایگەیاند و وتی: کە بە هۆی ئەم کێشانە دەبێت شایەتی نزمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل بین.

ناوبراو لە درێژەدا ئاماری بێکاربوونی پیشەی سازێنەرانی کەرەستەکانی ماشینی بە ٢٨٠ هەزار کەس ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، کە ڕەوتی لەدەستدانی کاری کرێکاران لەم پیشەیە بەردەوام دەبێت.

پێشتریش، مازیار بیگلوو، بەرپرسی ئەنجومەنی سازێنەری کەرەستەکانی ماشین، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: "قەیرانی ئەرز بێکاربوونی ٤٥٠ هەزار کەسی لێ دەکەوێتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل، بە ڕێژەی ٨٠ لەسەد دادەبەزێت".

لە دوای پیشەی نەوت و گاز، پیشەی سازکردنی ئۆتۆمبیل و کەرەستەسازیی ماشین، بە گەورەترین پیشە لە ڕووی هەبوونی زۆرترین کرێکارەوە لە ئێراندا بە ئەژمار دێن، کە ئێستا بە هۆی قەیرانی ئابووری و گەمارۆوەکانەوە لە مایەپووچبوون نزیک دەبێتەوە.