کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤٠ هەزار کرێکاری ئێرانی، هەڕەشەی بێکاربوونیان لەسەرە

11:26 - 24 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران، سەدان یەکەی بەرهەمهێنان تووشی کێشەی جیددی بوونە و هەزاران کرێکاری ئەم یەکە بەرهەمهێنەرانە، لە حاڵی چوونە نێو ڕێزی بێکارانی ئێرانەوەن.

"کەریم باوەڕی"، بەرپرسی پشتیوانی لە پیشە و کارەکانی وەزارەتی کاری ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە ٢٦٢ بۆنگای ئابووریی ئێران کێشەیان هەیە، کە حەشیمەتێکی ١٤٠هەزار کەسی لە کرێکارانیان لەخۆ گرتووە.

ئامارە بڵاوکراوەکان باس لە داخرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە کارگە و کارخانەکان دەکەن، بۆ نموونە، لە یەکەکانی ماشینسازیدا، لانیکەم ٢٠٠ هەزار کرێکار دەرکراون، ٣٠ تا ٤٠ لەسەدی یەکەکانی بەرهەمهێنانی ئەو پێڵاوانەی کە بە دەست دروست دەکرێن داخراون، ڕێژەی کرێکارانی کارخانەی دروستکردنی "کۆمباین" لە تەورێز لە ٧٠٠ کەسەوە گەیشتووەتە ٣٥ کەس، کارخانە داخراوەکانی ئیسفەهان گەیشتوونەتە ٣٠٠ یەکە و لە ٦٥ کارخانەی دروستکردنی قیریش، تەنیا ١٠ کارخانەیان چالاکن.

لە هەندێک لە کارخانەکاندا، هاوکات لەگەڵ سەری ساڵی نوێ، بە شێوەی مورەخەسیی زۆرەملێ و بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووەکانی بەرهەمهێنان، ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران بێکار دەکرێن کە لە ساڵی ٩٨دا، دەکرێت ئاماژە بە دەرکرانی کرێکارانی "پێترۆشیمیی بەندەری ماهشەهر"، کرێکارانی کۆمپانیاکانی "هێڵدینگ دارووگەر"، کرێکارانی "توولی پێرس" و بەستەبەندیی "ئەلبورز"، "فوولڵادی شایگان" و زۆر کارگە و کارخانەی دیکە لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا بکرێت.

داڕمانی ئابووری، کەمبوونەوەی نرخی "ڕیاڵ"، کەمبوونی سەرمایە و کاریگەرییەکانی گەمارۆکان، لەو کێشە سەرەکییانەن کە یەکە بەرهەمهێنەرەکانیان تووشی کێشە کردووە و لە ئاکامدا، زیاترین زیانیان بە کرێکاران گەیاندووە.