کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠٠ هەزار کەس لە پارێزگای ورمێ پەراوێزنشینن

13:05 - 9 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، ڕایگەیاندووە: ٧٢ گەڕەکی پەراوێزنشین لە پارێزگای ورمێ هەیە، کە ڕێژەیان٦٠٠ هەزار کەسە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، عەلیڕەزا ڕادفەڕ، جێگری سیاسی و ئەمنییەتیی پارێزگاریی ورمێ، ڕایگەیاندووە: ٧٢ گەڕەکی پەراوێزنشین کە سێ هەزار هێکتار لە ڕووبەری ئەو پارێزگایە بوونی هەیە و حەشیمەتێکی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس لەو گەڕەکانە نیشتەجێن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە لە ٧٢ گەڕەکی پەراوێزنشین، ٣٠ گەڕەکی لە شاری ورمێدان و ئەو شارە ٣٠٠ هەزارکەس پەراوێزنشێنی هەیە و هۆکاری زۆربوونی پەراوێزنشینی لەو پارێزگایەی بە کۆچی لادێنشینەکانی بۆ شار گەڕاندووەتەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدا باس لە پەراوێزنشینی دەکات و هۆکارەکەشی بە کۆچی گوندنشینەکان بەرەو شار ناو دەبات، کە دیاردەی پەراوێزنشینی لە ئێراندا و بەتایبەتی لە کوردستان لە حاڵی پەرەسەندندایە و هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی ئەو دیاردەیە، قەیرانە ئابوورییەکان و هەژاری خەڵکە.

خەڵکی پارێزگاکانی کوردستان بە هۆی کێشەی ئابووری و هەژاری، ناچارن بۆ دۆزینەوەی سەرپەنا ڕوو لە پەراوێزی شارەکان بکەن، بۆ ئەوەی کە خۆیان لە تێچووی قورسی ژیانی شارەکان و گوشارە ئابوورییەکان دوور بخەنەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، گەڕەکە پەراوێزەکان لە کوردستاندا، لە کەمترین ئیمکاناتی ژیان بەهرەمەندن و ڕێژیمیش بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان ژیان لەو گەڕەکانە هەوڵ نادات، بۆیە ژیانی خەڵک لە پەراوێزی شارەکان زۆر نالەبارە و بووەتە هۆی ئەوەی کە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە پەراوێزی شارەکاندا پەرە بستێنێت.