کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەموو تۆپەکانی بەرجام، خراوەنەتەوە زەویی خامنەیی‌یەوە

16:42 - 31 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی محەممەدجەواد زەریف، لەمەڕ بەردەوامی و مانەوەی زلهێزانی ئورووپایی لە بەرجام، مەرجی سەرەکیی ئەو وڵاتانە قەبووڵکردنی بەستەی تەواوکەری بەرجامە لە لایەن ڕیژیمی ئێرانەوە.

هاوکات لەگەڵ ڕەخنەی ڕاوێژکاری نێونەتەوەییی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەبارەت بە هەڵسوکەوتی گوماناویی ئورووپایی‌یەکان بە نیسبەت بەرجام، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "پشتیوانیی سیاسی لە بەرجام بەس نییە و پێویستە هەتا وڵاتانی ئورووپایی هەنگاوی کردەییتر هەڵبگرن".

جەواد زەریف ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە تاران چاوی بە میگوئیل ئاریاس کانیتە (کۆمیسێری وزەی یەکیەتیی ئورووپا)، کەوتووە و  پێی ڕاگەیاندووە، کە تەنیا پاڵپشتیی سیاسی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بەرجام بەس نییە.

ناوبراو لەو چاوپێکەوتنەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە یەکیەتیی ئورووپا بۆ بەردەوامی هاوکارییە ئابوورییەکانی خۆی پێویستە تا هەنگاوی کردەییتر هەڵبگرێت و سەرمایەدانینەکانی خۆی لە ئێران زیاتر بکاتەوە.

لە لایەکی دیکەدا، بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "وڵت ئێم زۆنتاک"، وڵاتانی فەڕانسە، ئاڵمان، بریتانیا، چین و ڕووسیە لە وڵاتی ئاڵمان کۆ بوونەتەوە و خەریکی بیروڕا گۆڕینەوە لەسەر بەستەیەکی نوێدان، هەتا لە بەرانبەر گەمارۆکانی ئامریکا و بە مەبەستی بەردەوامیی بەرجام، پێشکەش بە ڕێژیمی ئێران بکەن.

وڵت نووسیویەتی: بەپێی ئەو گەڵاڵە نوێیە ئەگەر ڕێژیمی ئێران ڕێککەوتنێکی تەواوکەر، کە بە بەرجامی دوو ناسراوە، واژۆ بکات، میلیاردها یۆرۆ یارمەتیی ماڵی پێ دەدرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە بە ئەگەری زۆرەوە لەو بەستە پێشنیارییەدا سەبارەت بە مووشەکە بالستیکییەکانی ڕێژیمی ئێران و ڕۆڵی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا دیاری کراون.

دیپلۆماتەکانی یەکیەتیی ئورووپا بە ڕۆژنامەی "وڵتـ"ـیان ڕایانگەیاندووە: "بەستەی پێشنیاری نوێ، هەموو نێوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی بەرجام، کە لە ساڵێ ٢٠١٥ی زایینی واژۆ کراوە لە خۆ گرتووە، بەڵام هەندێ یاسا و ڕێسای نوێ سەبارەت بە پرۆژەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و چۆنییەتی هەڵسوکەوت و بوونی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پێ زیاد کراون".

چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و ترس لە دووپاتبوونەوەی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران، بووەتە لەمپەرێکی گەورە لە بەردەم چالاکیی سەرمایەدانەران و کۆمپانیا بیانییەکان لە ئێراندا و زۆریەک لە کۆمپانیاکان هاوکاری و پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پساندووە.

لە نوێترین ڕاپۆرتدا، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز باسی لەوە کردووە، کە چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی پێشوەختە و چاوەڕواننەکراوی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، بووەتە مەترسی لەسەر بەردەوامیی پرۆژەی چابەهار کە بەشێک لە ئامانجەکانی ئەو پرۆژەیە یارمەتیدان بە گەشانەوەی ئابووریی وڵاتی ئەفغانستان بووە.

وڵاتی هێندوستان، پاش ڕێککەوتننامەی ناوکی کە لە نێوان ئێران، ئامریکای سەردەمی ئوباما و پێنج زلهێزی دیکەی جیهان واژۆ کرابوو، بە دەیان گرێبەست بەتایبەت گرێبەستی پرۆژەی بەندەری چابەهاری لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەستووە.