کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردە کردن لە ئێرانەوە بۆ چین ڕادەگیردرێت

18:09 - 10 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ژووری هاوبەشی بازەرگانی ڕێژیمی ئێران و چین باسی لە ڕاگیرانی پێوەندی بانکی نێوان چین و بازەرگانە ئێرانییەکان کرد.

عەسگەر ئەولادی، بەرپرسی ژووری هاوبەشی بازەرگانی ئێران و چین لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەمە ئەبێتە هۆی ڕاگیرانی هەناردەکردنی ئێران بۆ چین.

چین پێش لە گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران لە گرینگترین بازاڕەکانی کاڵا هەناردەکراوەکانی نەوتی و غەیرە نەوتیی ئێران بووە.

 مەجید ڕەزا حەریری، جێگری بەرپرسی ژووری هاوبەشی بازەرگانی ئێران و چین لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "آنا"  وتوویەتی کە لە ٧ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەناردەکردنی کاڵا غەیرە نەوتییەکان لە ئێرانەوە بۆ چین ٢٠ لە سەد زیادی کردبوو.

قسەکانی حەریری لە کاتێکدایە کە وەگەڕخستنی خولی دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران لە ٥ی نۆامبرەوە دەست پێدەکات کە ئەمە ئەبێتە هۆی کشانەوەی زۆرێک لە کۆمپانیاکان لە ئێران و کاریگەری ڕاستەوخۆ لە سەر پێوەندیە ئابوورییەکان دادەنێت هەر وەک چۆن لە خولی یەکەمی گەمارۆکانیشدا ئەو شتە ڕووی دا.