کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیل دابەزی

12:04 - 9 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: پاش گەمارۆکانی ئامریکا  بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و بریتانیا، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ڕۆژی سێشەممە، ٨ی گەلاوێژ، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک لە پیشەی نەوت و زانیاریی نەوتکێشەکان، هەناردەکردنی نەوتی ئێران، بەهۆی گەمارۆکان و زۆربوونەوەی ناکۆکییەکانی ئێران لەگەڵ بریتانیا و ئامریکا، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ڕۆیتێرز لە زاری "سارا وەخشووری"، شرۆڤەکار و لە بەڕێوبەرانی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی وزە (ئێس.وی.بی)، بڵاوی کردووەتەوە کە تا یەک مانگ پێش ئێستا، ئێران نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژدا هەناردە دەکرد.

وەخشووری وتوویەتی کە دەتوانین بڵێین هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا،  ١٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە، واتە گەیشتووەتە نزیکەی ٢٢٥ تا ٣٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا و بە گومانی ئەو شرۆڤەکارە، دیار نییە کە ئێران توانیبێتی بەو ڕێژەیە نەوتی هەناردە کردبێت.

هەر لەم پەیوەندییەشدا، زانیارییەکانی شیرکەتی "ڕێفێنیتۆ ئیکۆن"، باس لە دابەزینی نەوتی ئیرانی، بە ڕێژەی ١٢٠ هەزار بەرمیل کردبوو.

هەر لەم پەیوەندییەدا و بەپێی ئاماری شیرکەتی شوێنهەڵگرتنی نەوتکێشی "کێپلێر"، ڕێژەی پاشەکەوتی "نەوتی بێ کڕیار"ی ئێران لە نەوتکێشەکاندا، بەنیسبەت سێ مانگ پێش ئێستاوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لێخۆشبوونی نەوتیی بۆ کڕیارانی نەوتی ئێرانی ڕاگرت، دوو قات زێدە بووە.

ئامارەکانی کێپلێر نیشانی داوە کە ئێران لە ئێستادا ٥٥.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە دامەزراوە وشکە دەرەکی و نێوخۆییەکانیدا پاشەکەوت کردووە کە بەپێی سێ مانگی ڕابردوو، بۆ ١١ملیۆن بەرمیل نەوت هەڵکشاوە.