کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ هەندێک وڵات گەیشتە ئاستی سفر

10:15 - 23 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری پەسندکردنی خولی دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتی کۆرەی باشوور گەیشتە ئاستی سفر.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بۆ یەکەم جار لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا وڵاتی کۆرەی باشوور هیچ نەوتێکی لە ئێران نەکڕیوە و هاوردەکردنی نەوتی لە ئێران گەیشتووەتەوە سفر و داتاکانی گومرکی ئەو وڵاتە ڕاستیی ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

شیرکەتەکانی کۆرە کە ناویان لە نێو گەورەترین کڕیارانی نەوتی ئێراندایە هاوردەکردنی نەوتیان لە ئێران ڕاگرتووە و هیچ نەوتێک لە ڕێژیمی ئێران ناکڕن.

بەپێی ئامارەکان هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ ماوەی ساڵی ڕابردوو ٤٩.١ لەسەد دابەزیوە و گەیشتە ٧.١٥ میلیۆن تۆن نەوتی خاو.

کورەی باشوور پاش گوشارە ئابورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی تاران لە لایەن ئامریکاوە، بڕیاری دا کە لە مانگی ژووئییەوە کڕینی نەوت لە ئێران ڕابگرێت، کە پاش شەش ساڵ یەکەمجارە کە وەها کارێک دەکات.

لە پێوەندی لەگەڵ کۆتاییهێنان بە کڕینی نەوتی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە کڕیارانی نەوتی ئەم وڵاتە لە هەوڵدان، هەتا سپتامبێر کۆتایی بە کڕین و بازرگانیی ئەو کەرتە بێنن.

هەتا ئێستە وڵاتانی عەرەبستان و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە داخوازی ئامریکا، بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەیان زیاتر کردووە و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی نەوتی ئێرانیان داوە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەم بارەوە، لە دژکردەوەیەکدا هەڕەشەی بەستنی تەنگەڵانی هورموز، "شوێنی گواستنەوەی بەشێکی زۆری نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست" دەکەن.