کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیایی بە ڕێژەی ١/٣ کەمی کردەوە

11:22 - 8 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: نەوتی هەناردەکراوی ئێران بۆ وڵاتانی چین، هیندوستان، کورەی باشوور و ژاپۆن بە ڕێژەی ١/٣ کەمی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی هەینی، ٧ی بەفرانبار، بەپێی ئامارەکانی گومرۆک و شوێنگرتنی نەوتبەرەکان بڵاوی کردووەتەوە، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیایی: چین، هیندوستان، کورەی باشوور و ژاپۆن لە مانگی نوامبری ئەمساڵەوە، بە ڕێژەی ٦٦٤ هەزار و ٨٠٠ بەرمیل کەمی کردووە، کە بە بەراورد لەگەڵ پێنج ساڵی ڕابردوو، کەمترین ڕێژەیە.

ڕێژەی نێوەنجی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، بۆ ئەم وڵاتانە لە ساڵانی ڕابردوو، بە نزیکەی ١.٧میلیۆن بەرمیل بووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەیدا ڕایگەیاندووە، کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی ئاسیایی بە بڕی ١٣ لەسەد کەمی کردووە.

دەوڵەتی ئامریکا، ١٣ی خەزڵوەری ئەمساڵ، گەمارۆوەکانی سەر نەوتی ئێرانی دەستی پێ کرد، بەڵام دەوڵەتی دانڵد ترامپ، ئیزنی مامەڵەکردنی بە هەشت دەوڵەتی چین، کورەی باشوور، ژاپۆن، تایوان، تورکیە، یوونان و ئیتالیا دا، کە هەتا شەش مانگی داهاتوو دەتوانن بە شێوەیەکی دیاریکراو نەوتی ئێران هاوردە بکەن.

لە مانگی خەزەڵوەرەوە، ژاپۆن بۆ دووهەم جار و کورەی باشوور بۆ سێهەم جار، دوابەدوا نەوتیان لە ئێران نەکڕیوە و هەتا سەرەتاکانی ساڵی داهاتووش، بە تەمای کڕینی نەوتی ئێران نین.

کۆی گشتیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا، ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بووە، کە بەپێی پێشبینییەکانی هەندێک لە ناوەندەکانی نێونەتەوەیی، وەک بانکی جیهانی و ئاژانسی نێونەتەوەییی وزە چاوەڕوان دەکرێت، لە ساڵی داهاتووی زایینیدا هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ ١ میلیۆن بەرمیل کەم بێتەوە.