کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی نوێی ڕێژیم بۆ گۆڕینی ئاقاری نارەزایەتییەکان

11:38 - 28 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو و بۆ گۆڕینی ئاقار و ڕێڕەوی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان پیلانێکی نوێی دەست پێکردووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا کە یارییە جیهانییەکانی فووتباڵ لە وڵاتی ڕووسیە دەستی پێکرد، بەشێکی بەرچاو لە میدیا جیهانییەکان ڕووماڵی بەشداری ژنان و کچانی ئێرانییان کرد کە بێ لەچک و سەرپۆش بەشداری ئەو یارییانە بوون.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی کاروباری ئێران پێیان وایە ئەم چەشنە کارانە کە بەشی بەرچآوی بەشێوەی بەرنامەبۆدارێژراو لەلایەن خودی کۆماری ئیسلامییەوە ڕێنوێنی کراوە، ئامانجدار و بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و سەپاندنی ئەو بۆچوونە چەوتەیە کە لە ئێراندا ئازادی تاکەکەسی بوونی هەیە.

هەروەها کاتێک کە مەجلیسی ڕێژیم باس لە دیاریکردنی شوێنی تایبەت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاستی شارەکاندا دەکات زیاتر لەوەیکە مەبەستی پاراستنی نەزم بێت ئامانجی بەتاڵکردنەوەی هێزی ناڕازی خەڵک و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەمنیەتی دۆخەکەیە.

فاتێح ساڵحی چالاکی سیاسی پێی وایە ڕێژیمی تاران دەیهەوێ هێزی ئێعتساب و مانگرتن و ناڕەزایەتی خەڵک لە شوێنی دیکەدا خاڵی بکاتەوە و بەشێوەیەک تەخلیەیان بکات.

بە وتەی ناوبراو جیا لە کەلکاژۆوەرگرتنەکانی ڕێژیم لە یارییەکانی فووتباڵ لە فەزای مەجازیشدا ڕێژیم سەرقاڵی پیلانی هاوشێوەیە و بە وەڕێخستنی کەمپەینگەلێکی وەک "من نمیخرم" کە ئامانجی هەمان بەتاڵکردنەوەی هێزی پەنگخواردووی خەڵکە، دەیهەوێ کۆنترۆڵی خۆی بەسەر دۆخەکەدا زیاتر بکات.

ناوبراو لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ "کوردستان میدیا" ڕایگەیاند: بە بڕوای من ئەمە پیلانێکی فریوکارانەیە کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دایانڕشتووە بۆ ئەوەی هێزی گۆڕانخوازیی خەڵک بەلاڕێدا ببەن و لە باتی ئامانج ڕوو بکەنە سووکەکێشەی ڕۆژانە.

وتیشی: کاتێ بەرخۆر (مصرف کنندە) مافی هەیە کە ڕێکخراوێکی ڕاستەقینەی هەبێت بۆ پاراستن و داکۆکی کردنی مافەکانی، بەڵام ئەم ڕێکخراوە ڕێکخراوێکی داردەستی سیمبۆلیک بێت، هاوشێوەی ڕێکخراوی "حمایت از مصرف‌کنندگان" کە لە ئێراندا بوونی هەیە، لەم حاڵەتەدا وزەی خەڵک بەرەو ئاقارێکی هەڵە دەڕوات و ئەو هێزە پەنگخواردووە بە بێهوودە خۆی بەتاڵ ئەکاتەوە.

ساڵحی دەڵێ: ئەگەر تەنانەت خەڵک پشتگیری ئەو کەمپەینە (من نمیخرم) بکەن و واز لە کڕینی بۆ نموونە زێڕ بهێنن، هیچ ڕوو نادات، چون هەر ئێستا زۆرن ئەو کەسانەی توانای کڕینی نانیان نەماوە یان نییە چ بگات بە زێڕ! کەواتە کڕین و نەکڕینی زێڕ ناتوانێ کاریگەری لەسەر کۆماری ئیسلامی هەبێ؛ پاشان وایدابنێن خەڵک ئەم بابەتانە هەر ناکڕن ئیدی، چ ڕوو دەدات لە بازاری کونتڕۆڵکراوی ئێران لەژێر چەکمەی سەربازیدا؟ هیچ.

خاوەنەکانی پارە، سەرمایەکانیان بەرەو ئەو بازاڕانە ئەبەن کە پێداویستیی سەرەکی ژیانی خەڵکی تێدایە، چونکە باش دەزانن خەڵک هەرگیز زگیان تەحریم ناکەن؛ کێشەی سەرەکی بازاری تەڵا و جەواهر نییە، کێشە ئەو تۆڕە ئۆختاپووسییە مەترسیدارەیە کە باڵی کێشاوە بەسەر هەموو جومگەکانی ئابووری ئێران.