کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ڕێژیم بۆ زیادکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی

12:04 - 15 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: هێزی بەناو ئینتزامی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی زیادکردنی ناوەندە سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەرەکانی خۆی لە کوردستاندایە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزی بەناوئینتزامی بە هەڵواسینی بەنێرێکی تەبلیغاتی بۆ دامەزراندن لە شاری سنە، داوای لە لاوان و هاووڵاتیان کردووە کە پەیوەست بن بەم ناوەندە سەرکووتکارەی ڕێژیمەوە.

ئێستا کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران ڕۆژبەڕۆژ گوشارەکانی سەری ڕوو لە زیادبوونن و ڕێژیم لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات تووشی قەیران بووەتەوە، بەتایبەتی لە کوردستاندا لە دوای دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری هێزە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم و دەربڕینی ناڕەزایەتییە فراوانەکانی خەڵک لە شێوە جیاجیاکانیاندا، کە دیارترینیان مانگرتنی گشتی خەڵکی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان بوو، هەوڵ دەدات بۆ لەناوبردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک لە کوردستان کەڵک لە کوردەکان وەربگرێت و سیاسەتی کورد بە کورد کوشتن بەکاربهێنێت.

ڕێژیم بە کەلکاژۆوەرگرتن لە دۆخی ئابووریی خەڵک ، بێکاری لاوان و گرانی وەک هەلێک قۆستۆتەوە هەتا بتوانێت لەم ڕێگەوە لاوانی کوردستان لە ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانیدا دابمەزرێنێت و لە کاتە پێویستەکاندا لە دژی نەتەوەکەی خۆیان بەکاریان بهێنێت.

هەر لەم ڕاستایەشدا ڕێژیم لە ڕۆژانی پێشووتردا لە شاری مەریوان هەوڵی دامەزراندنی لات و چەقۆکێشەکان لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی خۆی بۆ سەرکوتی خەڵک دابوو.