کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی سمکۆی شکاک بۆ بەرەوپێش بردنی بواری خوێندن و ڕۆژنامەگەری

17:54 - 7 رەزبەر 2719

ئەلبورز ڕۆئین تەن

سمکۆ: "من کوردم و ژیانم لە پێناوی ڕزگاری و بەختەوەریی گەلەکەم بەخت کردووە و بەختی دەکەم"١

پێشەکی:

دوژمنانی کورد بەتایبەتی دەسەڵاتی ئێرانی بە درێژایی مێژوو بە هەموو شێوەیەک بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد ئەوەی لە دەستی هاتووە بە دڕەندەترین شێوە کردوویەتی، لەنێوبردنی مێژووی نەتەوەی کورد و چەواشەکردنی ڕاستییەکان بەشێکی گرینگی ئەو سرینەوەیە هەژمار دەکرێت، کەم شۆڕشگێر و ئازادیخواز و بەرگریکەری مافەکانی گەلی کورد هەن کە بەرەوڕووی ئەو هێرشە نەبنەوە، لەو نێوەدا ستەمێکی بێوێنە بە "سمایل ئاغای شکاک" ناسراو بە "سمکۆ" کراوە. ڕاستە بە ناجوامێری شەهیدکردنی سمکۆ لە لایەن ئێرانییەکانەوە ترۆپکی جینایەت و ناجوامێری بەرانبەر بە گەلی کوردە، بەڵام هێرش بۆ سەر کەسایەتیی سمکۆ بۆ دروستکردنی کەسایەتییەکی درۆ لە ئەو بۆ داپۆشاندنی جینایەتەکانی خۆیان لووتکەی ئەو چەواشەکارییانە هەژمار دەکرێت. وردبوونەوە لە ڕاستییەکانی مێژووی کورد لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی جیاوازدا بۆمان دەرکەوتووە کە کەسایەتیی سمکۆ نەک ئەوە نییە کە داخ لە دڵانی سمکۆ گێڕاویەتیەوە بەڵکوو بە بەراورد لەگەڵ پاشا و حوکمدارانی ئەوکاتی فارس و تورک و عەرەب، خاوەن کەسایەتییەکی ڕوشنبیر و پێشکەوتوو بووە، بۆ سەلماندنی ئەو چەندە لە وتارەدا تیشک دەخەینە سەر هەوڵەکانی سمکۆ بۆ نەهێشتنی خوێندەواری و ڕۆشنبیرکردنی نەتەوەی کورد لە سەردەمێکی زۆر ئەستەم کە کوردستان وێڕای سەدان قەیرانی جیاواز ببووە گوڕەپانی شەڕ و هێرشی ڕووس و بریتانیا و عوسمانی و ئێرانییەکان.

سمایل ئاغای شکاک "سمکۆ":

"سمکۆ" ناوی تەواوی "ئیسماعیل محەممەد عەلی ئیسماعیل ئیبراهیم حاجی بەگ ئیبراهیم هەمزە عەبدۆی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٨٨٢ لە گوندی چاری لە خێزانێکی ناسراو و شۆڕشگێر لەدایک بووە."١ باوک و باپیرانی یەک لە دوای یەک بە دەستی دەوڵەتانی داگیرکەری ئێران و عوسمانی یان کوژراون یان دوور خراونەتەوە. "محەممەد پاشا"ی باوکی بۆ دوورگەی ڕۆدوسی یۆنان دوور خرایەوە و لەوێ کۆچی دوایی کرد. برای سمکۆ، "جەوەرە ئاغا" دوای ئەوەی لە لایەن حومکدارانی ئێران بە فریو بانگهێشتی تەورێز کرا، بە ناجوامێری شەهید کرا. بۆ باوەڕپێهێنانی جەوەرە ئاغا کە لە ئازایەتیدا بەناوبانگ بوو، قورئانێکیان ئیمزا کرد و ناردیان کە خیانەتی پێ ناکەن، بەڵام بە ناجوامێری شەهید کرا و تەرمەکەی لەگەڵ دوو هاوڕێی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە دەرگای شار هەڵواسران. سمکۆ کە گەنجێکی تازە پێگەیشتوو زیاتر نەبوو، دوای شەهیدبوونی برای و کۆچی دوایی باوکی، دەسەڵاتی ئیلی شکاکی گرتە دەست.

بۆ ئەوانەی کە باس لە توندوتیژبوونی سمکۆ دەکەن دەبێ دۆخی کوردستان لە  کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی و پێشتر، هەروەها چونیەتیی شەهیدکرانی جیلی پێشووی بنەماڵەکەی دەبێ لە بەرچاو بگیرێت.

سمکۆ هەر زوو توانی لێهاتوویی و ئازایەتیی خۆی بسەلمێنێت لە ڕووداوی جیاوازدا بۆ دەسەڵاتی ناوەندی ببێتە پرسێکی گەورە. پەیوەندییەکانی سمکۆ هەر لە زووەوە دەری خستبوو کە ئەو زیاتر لە چوارچێوەی ئاغا و سەرۆک عەشیرەتێک بیر دەکاتەوە، بەڵکوو ئەو بیر لە ڕزگاریی نەتەوەیەک دەکاتەوە.

ئازایەتی و لێهاتوویی سمکۆ لە پلاندانانی شەڕدا، هەوڵی بێوچان بۆ دروستکردنی پەیوەندی و بەدەستهێنانی پاڵپشتیی زلهێزان، پەیوەندیگرتن بە پارچەکانی دیکەی کوردستان و شۆڕشگێڕانی نەتەوەی لە هەموو شوێنێک، هەروەها کاریگەریی شۆڕشی سمکۆ لەسەر بزاڤی نەتەوەیی دەتوانێت بوارگەلی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان بێت. یەکێک لەو بوارە گرینگانە گرینگیدان بە نەهێشتنی خوێندەواری و بواری ڕۆشنبیری و دامەزراندنی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە خۆی لە خۆیدا نوێگەرییەکی یەکجار زۆر بۆ نەتەوەی کورد هەژمار دەکرێت و بە جۆرێکیش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کەسایەتییەکی پێشکەوتنخوازی هەبووە. دوکتور سادق شەرەفکەندی لە کتێبی "تاریخ جنبش‌های ملی کرد" لەو بوارەدا دەڵێت:

"لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و ئەو مێژووەی کە سەبارەت بە سمکۆ نووسراوە، بە تایبەتی ئەوەی لە لایەن دوژمنەکانی (فارسەکان و تورکەکان) نوسراوە، هەوڵ دراوە سمکۆ وەک فئۆدالێکی تاڵانچی و نیوەوەحشی بناسێنن".

بەڵام ڕاستیەکەی: یەکەم، سمکۆ لە بواری کولتووری نەک کەسێکی دواکەتوو نەبوو بەڵکوو لە زۆر ڕووەوە بە گوێرەی کەسانی هاوچەرخی خۆی ڕۆشنبیرتر بووە. زۆربەی ئەو کەسانەی کە ئەویان دیتووە، لە ڕووی پۆشاک و خۆراک و ڕەفتاری سمکۆ ئەویان بە کەسێکی ڕۆشنبیر زانیوە، دوای داگیرکردنی چهریق لە لایەن هێزەکانی حکومەتی لە ماڵی ئەودا ئامێری موزیکی پیانۆ دۆزراوەتەوە، لە ڕێگەی هێڵی تەلەفۆنی تایبەتی لەگەڵ مەهاباد و چەند شوێنی دیکەی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە.

دووەم، سمکۆ بە تایبەتی لە دە ساڵی دوای چاڵاکییەکانی، ناسیۆناڵیستێکی کورد هەژمار دەکرا، هەر چەند ئەو بابەتەی لەگەڵ قینی کەسێتیی خۆی بەرانبەر هێزەکانی تێکەڵ کردبوو. ٢

دامەزراندنی کۆمەڵەی جیهاندانی و یەکەمین خوێندنگەی کوردی:

سمکۆ گرینگییەکی زۆری دەدا بە بواری زانستخوازی. ئەو چەندە بەو شێوەیە لە بیرەوەرییەکانی یەکێک لە موسیۆنێرەکانی ئەمریکایی بە ناوی  (H. MACKENSEN) کە سمکۆیان بینیوە، ڕەنگ دەداتەوە. دەگێڕێتەوە کە لەو چاوپێکەوتنەدا سمکۆ ئەو داوایانەی لە موسیۆنێری ئەمریکایی کردووە:

" پێویستمان بە قوتابخانەیە. پێویستمان بە هەموو شتێک هەیە کە کورد بەرەو شارستانیەتی بەرێ، من بڕوام بە ڕووس و تورک و ئێران نییە و هەموو درۆزنن و ڕاستگۆ نین، ئێوەن کە هیوای ئەوەتان تێدا بێت کە یارمەتیی کورد بدەن."٣

لە کاتێکدا سمکۆ باس لە شارستانییەت و قوتابخانە دەکات کە کورد بەگشتی بەهۆی ئاکامی ئاڵۆزییەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە برسیەتییەکی بێوێنەدا بووە.

کۆمەڵەی جیهاندانی کە لە شاری خۆی بە هاوکاریی عەبدولرەزاق بەدرخان و سمکۆ دامەزرا، یەکێک لە کارە گرینگەکانی سمکۆ هەژمار دەکرێت، سمکۆ کە دەرگای بۆ کوردەکانی پارچەکانی دیکە هەمیشە کراوە بوو بە هاتنی عەبدولرەزاق بەدرخان زۆر خۆشحاڵ بوو، چونکە پێکەوە کارکردنیان دەبووە هۆی ئەوەی هەنگاوی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگای کوردی هەڵبگرن. تەنانەت جارێک بە هەوڵی زۆرەوە عەبدولرەزاق بەدرخانی لە دەستی تورکەکان ڕزگار کردووە.

عەبدولرەزاق بەدرخان کوڕی نەجیب پاشا لە ساڵی ١٨٦٤ لە ئیستانبوول لەدایک بوو، عەبدولرەزاق وەکوو ئەندامەکانی دیکەی ماڵباتی بەدرخان ڕۆڵێکی گرینگی لە بزاڤی ڕۆشنبیریی گەلی کورددا هەیە. ئەو کە دوای فێربوونی زمانی فەرەنسی لە فەرانسە درێژە بە خوێندن دەدات. لەژێر کاریگەریی هزری نەتەوەخوازیی حاجی قادری کۆیە بووە. عەبدولرەزاق بۆ چەند ساڵێک لە شوێنی جیاوازی وەک ڕووسیە لە دەزگای وەزارەتی دەرەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانی کاری کردووە بەڵام بەردەوام لەژێر چاودێری بووە. کاتێک کە وەکوو سکرتێری دووەم لە باڵوێزخانەی عوسمانی لە تاران بووە پەیامی بۆ دەنێردرێت کە بگەڕێتەوە ئیستانبول، بەڵام ئەو ئەوەی بە پیلان زانیوە، چووە بۆ ڕووسیە لەوێش پەرەی بە پەیوەندییەکانی داوە تا بتوانێت شۆڕش لە باکووری کوردستان هەڵبگیرسێنێت.

"هاتنی عەبدوالرزاق بۆ ڕۆژهەڵات گرنگ بوو ئەویش هاتە لای بەهێزترین کەسایەتییە کوردییەکانی ئەو کاتە کە خاوەنی هێزێکی تایبەتی و دەست ڕۆشتووی ناوچەکە بوو کە ئەویش سمکۆی شکاک بوو، بە هەمان شێوە سمکۆش بەم هاتنە مەیدانەی میر عەبدولرزاق بەدرخان خۆشحاڵ بوو لەم کاتەدا هەوڵیان یەک خست بۆ دروستکردنی ڕێکخراوێک کە ئومێدبەخش بێت بۆ خەڵکی کوردستان. بۆیە لە کۆتایی ساڵی ١٩١٢ و سەرەتای ساڵی ١٩١٣ توانییان کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیری دروست بکەن بە ناوی (جیهانزانی) یان خود هەندێک ڕایان وایە ئەم کۆمەڵەیە ناوی "گیهاندن" بووە."٤

ئەو کۆمەڵەیە گرینگییەکی زۆری بۆ ئەوکات هەبووە چونکە وەک ناوەندێکی ئاکادمی و پەروەردەی لە بەرنامەیدا هەبووە کە خوێندگا لە هەموو کوردستاندا بکاتەوە هەروەها چەندین ئەرکی دیکە پەیوەندیدار بە پێگەیاندنی منداڵانی کوردی و زمانی کوردی بە دەست بووە، یەکەمین هەنگاوی ئەو کارەش کردنەوەی خوێندنگەی خۆی بووە کە بە یەکەمین خوێندگای کوردی دەزانرێت.

"گرنگترین کاری کۆمەڵەکە کردنەوەی قوتابخانەکە بووە لە شاری خۆی لە ٢٧.١٠.١٩١٣ بەم بۆنەیەشەوە ئاهەنگێکی مەزن ساز درا کە فەرماندەی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە (جەنەڕاڵ فیسۆلۆفسکی) و سەرداری شارەکە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە بازرگان و سەرانی کورد ئامادە بوون. عەبدولرزاق و سمکۆ وتەیەکیان پێشکەش کرد تیایدا سپاس و ستایشی ڕۆڵی ڕووسیایان کرد بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە. ئەم قوتابخانەیە بە هەر دوو زمانی کوردی و ڕووسی تێدا دەخوێندرا لە خۆلی یەکەمدا ٢٩ قوتابی بەپێی قسەی عەبدولرزاق. ئەم قوتابییانە کە تەمەنیان لە نێوان ٨-١٠ ساڵیدا بوون بە گیانی نیشتمانپەروەرانە پەروەردەکران لە پاڵ بابەتەکانی وەک مێژوو جوگرافیا و ماتماتیک."٥

گرینگیی ئەو کۆمەڵەیە بە تایبەتی ئەگەر توانیبای بەردەوام بێت لەو پێشنیارانەی کە عەبدوالڕەزاق بەدرخان بۆ دەوڵەتی ڕووسیە کردوویەتی دەردەکەوێت. لە دەقی پێشنیاری عەبدوالڕەزاق بەدرخان بۆ ڕووسیەدا هاتووە:

 " ژبەر ڤێ کو زمانێ کوردی ل سەر بنگەها نڤیسەرا ب هەرفێن ئەرەبی نکارە ب باشی دیار بە، کۆمەلا جیهاندانی بریار گرتیە، ژ بۆنا ڤێ ئارمانجێ هەرفێن روسی بکار بینە. ژ من رە پێکهاتیە کو تەڤی ئاکدەمیک ن. بوو، مار ل سەر ڤێ بابەتێ باخڤن. دبستانێن کو وی ل کوردستانا ئیراقێ (بە بۆچوونی من ئێران بووە چونکە کۆمەڵە لە خۆی بووە) ڤەبن و دبستانا کو ل خۆبێ هاتیە ڤەکرن، دەرسێن زمانێ کوردی وێ ل سەر ڤێ ئەلفبایێ دەرباس ببن، نیەتا کومەلێ هەیە کو خورتێن کوردا ژبۆ خوەندنێ بشینە روسیایێ."٦

پەیوەندی گرتن بە زانایانی کۆمەڵەی زانستی سنپتزبورگ لە ڕووسیە کە ناوەندێکی گرینگی زانستی دونیا هەژمار دەکرێت بۆ دانانی بناغەی فێربوون لە کوردستاندا بە هاوکاری و پشتیوانیی سمکۆ لە کوردستاندا مومکین بوو ئەو سمکۆیەی کە دوژمنان بە ڕێگر و دز تۆمەتباریان دەکرد. هەوڵی دامەزراندنی پەروەردە و ڕاهێنانی هەبوو.

"بڕیار درا ئەو زەکاتە ساڵانەیەی کە ئیسلام دیاری کردبوو، کۆبکرێتەوە بۆ کڕینی چاپخانەیەک کە بتوانن ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی دەربکەن، سمکۆ داوای لێ کرا ئەرکی کۆکردنەوەی ئەو زەکاتە بگرێتە ئەستۆی خۆی."٧

لە سەرچاوەکاندا هاتووە کە سمکۆ بۆ ئەو خوێندنگەیە کە ٢٩ قوتابی هەبووە ٤٠ پاسەوانی داناوە ئەوەش بەڵگەیەکی دیکەی ئەو گرینگیدانەیە بە بواری فێرکردن و خوێندن لە کوردستانی دواکەوتووی سەرەتای سەدەی بیستەمدا.

لایەنێکی دیکەی ئەستەمی ئەو کارە دژایەتیی خەڵکی ئاسایی بووە بۆ خوێندنگایەکی وا مودێڕن. "ئەمە لەو ڕۆژگارە سەدایەکی باشی هەبوو لە ناوچەکەدا هەرچەندە لەمپەر و ڕێگر زۆر بوون بۆ پەشیمان کردنەوەی سمکۆ تەنانەت هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەشی تێکەوت بەڵام سمکۆ هەر بەردەوام و سوور بوو لەسەر کردنەوەی قوتابخانەکە" ٨

سمکۆ و ڕۆژنامەگەری کوردی:

ڕۆژنامە یەکێکی دیکە لە هێماکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت، ئەو چەندە لە کوردستان بەهۆی دۆخە تایبەتییەکەی درەنگ کەوتووە، ئەو بوارە پێویستە بۆ شۆڕش و نەتەوەی کورد پێویستییەکەی چەند پاتە دەبێتەوە، سمکۆ لەو بوارەشدا کاری گرینگی کردووە، هەوڵەکانی سمکۆ لەو بوارەدا بە دوو قوناغ دابەش دەکرێت لە قوناغی یەکەمدا گۆڤارێک بە ناوی گۆڤاری کوردستان دەردەکات. "یەکەم گوڤار کە لە کوردستانی ئێراندا دەرچووە بریتی بووە لە گۆڤاری "کوردستان" کە لە شاری خۆی دەرچووە کە لە ساڵی ١٩١٤ داخراوە. " ٩

ساڵەکانی پیش شەڕی جیهانیی یەکەم ئەو هەنگاوە گرینگییەکی زۆر هەبوو بۆ شۆڕش بۆ ئەوەی زمانحاڵێکی هەبێ. "لە دوای دوورخستنەوەی عەبدولڕزاق بەدرخان لە لایەن ڕووسی قەیسەرییەوە ئیتر سمکۆ ئاغا ئەرکی بەڕێوەبردنی خستە ئەستۆی خۆی کە ئەو گۆڤارە تا ساڵی ١٩١٤ دەوامی کرد."١٠

دەستپێکی شەڕی جیهانیی یەکەم ئەو قوناغە لە ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕاوەستا بەڵام بە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی جیهانیی یەکەم و پەرەستاندنی شۆڕشی سمکۆ قوناغی دووەمی ڕۆژنامەگەریی سمکۆ دەستی پێکرد.

"محەممەد هاوار ڕەسووڵ" لە سەرچاوەی کتێبی کەماڵ مەزهەرەوە بەو شێوەیە باسی ڕۆژنامەیەک دەکات کە ئەو کات دەرچووە. "لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، سمکۆ لە ورمێ ڕۆژنامەیەکی دەرکرد بە ناوی "ڕۆژی کورد شەوی عەجەمـ"ـەوە لە دواییدا ناوەکەی گۆڕی کردی بە "ڕۆژی کورد" و لە ژمارەکانی دواییدا تەنها بوو بە "کورد"، کە ئەوەش لە دوایی ئەوەی بزووتنەوەکەی لە لایەن سپای ئێرانەوە تێک شکا ئیتر ئەو ڕۆژنامەیەش لە دەرچوون دەرکەوت. دوکتور کەماڵ لەو باسەیدا پەنای بردووەتە بەر کتیبەکەی "تمدن" کە وتوویەتی سەرنووسەری ڕۆژنامەکە "مەلا محەممەد تورجانی" بووە کە خەڵکی شاری مەهاباد بووە."١١

مشوری و جیددییەتی سمکۆ لە دەرکردنی ڕۆژنامەکە لە کتێبی بیرەوەرییەکانی "تمد"ن کە چاپخانەی هەبووە لە شاری ورمێ بە باشی دەردەکەوێت. لە لایەکی دیکە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە سمکۆ گرینگی داوە بە بواری ڕۆشنبیری. چونکە "لەو ڕۆژانەدا شتیکی گاڵتە و کەم نەبووە بۆ یەکێکی وەکوو سمکۆ کە لەگەڵ ئەو هەموو درۆ و دەلەسانەی دەربارەی ئەو بڵاوکراوەتەوە، ئەوەندە مشوری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەریتی بخوات."١٢

کۆبەند:

"کریس کۆچێرا" سەبارەت بە سمکۆ دەڵێت: "سمکۆ پیاوێکی پڕ نەزاکەت و سەلار بوو، جوانیی جلوبەرگەکەی زۆر کاری لە ئینگلیزەکان کردوە."١٣ ئەو پیاوە بە نەزاکەت و سەلارە نێوی لە مێژووی کورددا وەک قارەمانێکی نەتەوەیی و ڕێبەرێکی ئازا تۆمار کراوە، هەر چەند هەوڵێکی بێوێنە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان سەبارەت بە ئەو هەیە بەڵام ڕاستییەکان دەردەخەن کە سمکۆ سەڕەڕای هەموو ئەو خسڵەتانەی هەبوو لە بواری ڕۆشنبیری و زانستخوازیشدا هەوڵی داوە کۆمەڵگای کوردستان بەرەو پێش بەرێت.

دامەزراندنی یەکەمین خوێندنگە لە هەموو کوردستان و یەکەمین  گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵگەن بۆ ئەو بابەتە کە سمکۆ ڕێبەرێک بوو لە هەموو بوارێکدا بەرانبەر بە گەل بە بەرپرسیار دەزانی. بێگومان ناکرێت سمکۆ جیا لە دۆخی ئەو کاتی کوردستان و پاشخانی شەهیدکردنی هەموو ماڵباتەکەی بخوێندرێتەوە، بەڵام بە بەراوردی هەموو ئەوانە دەتوانین لایەنی ڕۆشنبیریی سمکۆش بەرز بنرخێنین.

پەراوێزەکان:

١_ بارودۆخی سیاسی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥-١٩٣٠ ، عەبدولقادر شکاک

٢_ تاریخچە جنبشهای ملی کرد از قرن نوزدهم تا پایان جنگ جهانی دوم سعید بدل (د. سادق شەرەفکەندی)

٣_ جوگرافیای مێژووی عەشیرەتی شکاک ، عبدالقادر شکاک

٤_ بارودۆخی سیاسی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥-١٩٣٠ ، عەبدولقادر شکاک

٥_ بارودۆخی سیاسی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥-١٩٣٠ ، عەبدولقادر شکاک.

٦_ عەبدولڕەزاق بەدرخان (١٨٦٤-١٩١٨) ژیان، تێکەلیێن سیاسی، خەباتا چاندی د. سەلاح محەممەد سەلیم هروری

٧_ بارودۆخی سیاسی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥-١٩٣٠ عەبدولقادر شکاک.

٨_ جوگرافیای مێژووی عەشیرەتی شکاک عبدالقادر شکاک

٩_ سمکۆ (سمایل ئاغای شکاک) بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد ، محەممەد ڕەسول هاوار.

١٠_ سمکۆ (سمایل ئاغای شکاک) بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد ، محەممەد ڕەسول هاوار.

١١_سمکۆ (سمایل ئاغای شکاک) بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد ، محەممەد ڕەسول هاوار.

١٢_ سمکۆ (سمایل ئاغای شکاک) بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد ، محەممەد ڕەسول هاوار.

١٣_ جوگرافیای مێژووی عەشیرەتی شکاک ، عبدالقادر شکاک