کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە و تەماح‌وەبەرنان میکانیزمی ڕێژیم بۆ فراوان نیشاندانی مانۆڕی سپا

17:25 - 12 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بۆ چەواشەکردن و بەرفراوان نیشاندانی مانۆڕە هاوبەشەکەی سپای پاسداران کە ئەمڕۆ لە کوردستان و زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران بەڕێوە دەچێ، بە زۆر و هەڕەشەکردن و لە هەندێک حاڵەتیشدا بە پاڕانەوە و تەماح‌وەبەرنان خەڵکیان پەلکێشی شوێنی مانۆڕەکان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوابەدوای ڕووداوەکانی چەند حەوتووی ڕابردوو کە تێیدا ئەوپەڕی لاوازی و نەمانی ڕەوایی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵکی ئێران دەرکەوت، ڕێژیمی دژی‌گەلی بڕیاری دا کە لەڕێگەی سپای تێرۆریستییەوە مانۆڕێکی بەرفراوان بەڕێوە ببات بەڵام لە ترسی ئەوەیکە تەنانەت بەشێک لە کارمەند و پاسدارەکانیش ئامادە نەبوون بەشداری تێدا بکەن، بە هەڕەشەکردن و میکانیزمی وەک "پاڕانەوە" سەرقاڵی جەوسازی و خۆنواندنە.

بەپێی زانیارییەکان، لەو مانۆڕەدا سپای پاسداران بە نمایشی هێزی نیزامی و کۆبوونەوەی فراوانی پاسدار و بەسیج و بەکرێگیراوەکان و هەروەها بە گواستنەوەی چەکوچۆڵی قورس لە شارەکانی کوردستان و بەبەرچاوی خەڵکەوە، دەیهەوێ بە قەولی خۆی نمایشی "ئێقتدار" یان لە راستیدا بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک بەڕێوە ببا بەڵام چالاکانی سیاسی پێیان وایە ئەم چەشنە هەوڵ و تەقەلانەی ڕێژیم نەیتوانیوە و ناتوانێ ئیرادەی گەلانی ئازادیخواز بە چۆکدا بێنێت و بیانترسێنێ و ئەمە بە سیاسەتێکی شکستخواردووی رێژیم دەزانن.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە نەزۆکەی سپای پاسداران، ئەمڕۆ عەلی خامنەیی لە یاریگای ئازادی تاران لە نێو کۆمەڵێک لە بەسیجییە ئاڵقە لەگوێکانیدا ئاوڕی لە دۆخی ئێران دایەوە و بە "هەستیار" وەسف کردنی ئەم دۆخە نەیتوانی ترسی خۆی لە داهاتووی نادیاری ڕێژیمەکەی بشارێتەوە.

هەروەها بۆ پاراستنی دەسەڵاتە نگریسەکەی هەموو ئێرانی بەلاشفرۆش کرد و ڕوو لە بەسیجییەکانی وتی:"ئێوە خۆتان خاوەنی وڵاتن"؛ پاشانیش بە هێنانەوەی نموونەی مێژوویی لە شەڕفرۆشی و کوشتارەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بۆ سەرکووتی ئازادیخوازان لەلایەن بەسیجییەکانی ئەو کاتەوە پێی وتن: "ئێستە نۆرەی ئێوەیە کە هەمان رێچکە بگرنە بەر و بەرەو سەرکەوتنی "نیزام" هەنگاو بنێن".