کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕیژیمی تاران بە هۆی ترس لە نەمانی بەرجامە

13:50 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکات، کە جیهان ئەو چاوەڕوانییەی لە ئێمە نەبێت، کە پێبەندی خاڵەکانی بەرجام بمێنین.

ڕەزا نەجەفی، نوێنەری دایمیی ڕێژیمی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە: "پاش چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، وڵاتانی جیهانی ئەو چاوەڕوانییەیان لە ئێمە نەبێت کە بەپێی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە مامەڵە بکەین".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، نەجەفی لە کۆبوونەوەی شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، باسی لەوە کردووە، کە چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام نایاسایی و پێشێلکارییەکی ئاشکرای بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەروەها ناوبراو ڕایگەیاندووە: "ڕێککەوتننامەی بەرجام بەپێی حەز و ئارەزووی لایەنێک کۆتایی پێ نایە، ئەو ڕێککەوتننامە چەند لایەنەیە و لەسەر بنەمای پێبەندبوونی بەرانبەر واژۆ کراوە".

پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران دەستیان داوەتە قامکڕاوەشاندن و هەڕەشە لە یەکیەتیی ئورووپا دەکەن.

خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە ٢٩هەمین ساڵیادی مەرگی خومەینیدا، فەرمانی بە ڕێکخراوی وزەی ناوکی ڕێژیمی ئێران داوە، هەتا بەخێرایی خۆی بۆ گەیشتن بە ١٩٠ هەزار سوو تەیار بکات.

هەندێک لە لێکۆڵەرانی سیاسی، لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ئەو جۆرە هەڵوێستگرتن و فەرماندانانەی بەرپرسانی ڕێژیمی تاران لە دوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، زلهێزانی ئورووپایی لە ئێران دوور دەکاتەوە.